کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە شاری ترۆندهایمی نۆروێژ

15:09 - 11 خاکەلێوه 2716

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە بە بۆنەی هاتنەوەی نەورۆز ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد. لەو جێژنەدا کە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان‌و لایەنگران و دۆستانی حیزب و یەکیەتیی لاوان گیرا، پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزب‌و یەکیەتیی لاوان بەو بۆنەوە لە لایەن عەزیز مەعرووفی خوێندرایەوە. لەو پەیامە هاوبەشەی کومیتەی حیزب و یەکێتی لاوان دا باسێکی تێروتەسەل لە سەر جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و جێگە و پێگەی ئەو جێژنە لە ناو گەلی کورد دا کرابوو. لەو پەیامە دا وێرای ئاماژە بە زەبر و زەنگی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ پێشگیری لە بەرێوەچوونی بەشکۆو جەماوەریی ئەو ڕۆژە، سپاسی خەلکی کوردستان کرابوو کە ئاوا بە جۆش‌و خرۆشەوە بەرەو پیری نەورۆز چوون‌و بۆ جارێکی دیکە سەلماندیانەوە کە هیچ هیزێک ناتوانێ بەر بە ئیرادەی گەلەکەمان بگرێ. بەشێکی دیکە ئەو پەیامە تەرخان کرابوو بۆ قسەو باس لەگەل لاوان‌و تازە پێگەشتووانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات‌و داوایان لێ‌کرابوو بە گوڕو تینی زیاترەوە پشتیوانی‌و پشتگیریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردو حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەن‌و بە تایبەت لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات ببنە بالوێزێکی باش بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە گەلانی جیهان. پێشکێش‌کردنی سروودی" نەورۆز" لەلایەن کۆڕی هونەریی لاوان‌و چەند تابڵۆیەکی هەڵپەرکێی کوردی بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.