کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ

13:48 - 16 خاکەلێوه 2716

کۆنفرانسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ به‌به‌شداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو. رۆژی شەممە، ١٤ ی خاکه‌لێوه‌ کۆنفرانسی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بۆ هەڵبژاردنەوەی کۆمیتەی گشتییی ئه‌و وڵاته‌ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە نۆروێژ بەرێوەچوو. کۆنفرانس بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. ئه‌و کۆنفڕانسه‌ به‌ قسه‌کانی کاک ئەبووبەکر قەدیکورد، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی نۆروێژو کردنه‌وه‌ی کۆنفڕانس له‌لایه‌ن کاک محەممەد غەریبی، ئه‌ندامی دێرینی حیزب ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد. له‌ بڕگه‌ی ده‌سپێکی کاری کۆنفڕانس‌دا راپۆرتی کۆمیتەی حیزب لە لایەن کاک ئەسعەد خزری، بەرپرسی کۆمیتە خوێندرایەوە. راپۆرت تیشکی خستبووە سەر کارو چالاکییەکانی کۆمیتەی حیزب لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا. پاشان ئەندامانی بەشداری کۆنفرانس بە دەربڕینی راوبۆچوون‌و رەخنەو پێشنیارەکانیان چالاکانە بەشداری باسەکان بوون کە دواتر لە لایەن هاورێیان ئەسعەد خزری‌و ئەبوبەکر قەدیکورد وڵامی رەخنەو تێبینی‌یەکانیان درایەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانس‌دا کاک سەعید بەیگزادە، بەرپرسی به‌شی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزب، باسێکی کورتی لە سەر بابه‌ته‌کانی پێوەندیدار بە کاروباری تەشکیلاتی‌و هەروەها کاروچالاکییەکانی کۆمیتەی نۆروێژ پێشکەش کردو دواتر هەیئەتی بەرێوەبەری کۆنفرانس بە دانی دەستە گوڵ بە هەریەک لە ئەندامانی کۆمیتەو بەرپرسی یەکیەتیەکانی لاوان، ژنان و کۆمەڵەی کولتووری کوردی، رێزی لە کاروتێکۆشانی ئەوان لە ماوەی کاری ئەو کۆمیتەیه‌دا گرت. لە بڕگەی دووهەمی کۆنفرانس‌دا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسێکی چڕو پڕی لە سەر گرینگترین ته‌وه‌ره‌کانی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات، هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردووی ئێران، کاروچالاکییەکانی حیزب‌و ئەرکەکانی ئێستای ئەندامانی حیزب لە دەرەوەو ژوورەوەی کوردستان، چالاکانی مەدەنی نێوخۆی کوردستان‌و پرسی یەکگرتنەوەی دوولایەنی دێموکرات‌و رێکارەکانی هێنایه‌ بەرباس کە دەگەڵ پێشوازی گەرمی ئەندامانی کۆنفرانس بەرەوروو بوو. دوابەدوای قسەکانی سکرتێری گشتی، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەشدارانی کۆنفرانس، سه‌رنج‌و تێبینی‌و پێشنیارەکانی خۆیان به‌ره‌وڕووی کاک خالید عەزیزی کرد کە دواتر لە لایەن بەرێزیانەوە وڵام‌و شیکردنەوەی پێویستیان له‌سه‌ر درا. بڕگەی کۆتایی کاری کۆنفرانس، بریتی بوو لە هەڵبژاردنی کۆمیتە، کە لەو نێوە دا بەشدارانی کۆنفرانس چالاکانە بەشداری ئەو بڕگەیەش بوون‌و کۆمیتەیەکی نوێیان هەڵبژرادەوە.