کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە سەر ژن، نەخۆشییە دەرونییەکان‌و سەلامەتیی ژن لە کۆمەڵگادا

03:55 - 31 خاکەلێوه 2716

رۆژی شەممە، ٢٨ی خاکەلێوە کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە هاوکاری لەگەڵ چوار رێکخراوی دیکە، سمینارێکیان لە ژێر ناوی ژن و نەخۆشییە دەرونییەکان‌و سەلامەتی ژن لە کۆمەڵگادا بەرێوەبرد. لە سەرەتای سمینارەکەدا خاتوو مەحبوبە ڕەحیمی، بەرپرسی یەکیەتییی ژنان لە نۆروێژ، بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکردنی سمینارەکە مەبەست لە پێکهێنانی سمینارەکەی شی کردەوە. دواتر بەرپرسی شارەوانی شێسمۆ "ئولە یاکوب فڵاتن" سمینارەکەی کردەوەو باسێکی لە سەر چۆنیەتیی پێکهینانی سمیناری هاوبەش، بەتایبەت لە سەر کێشە کۆمەڵایەتی‌و نەخۆشییە دەرونییەکان کردو گوتی: ئێمە بەرێوەبەرانی شارەوانی شێسمۆ زۆر بە بایەخەوە دەروانینە ئەم شێوە هاوئاهەنگیانە کە لە نێوان رێکخراوەکان‌و شارەوانی شێسمۆدا هەن. لە درێژەی کاری سمینارەکەدا "رەیدون ئینگەبرێتسن" لێکۆڵەر لە باری نەخۆشیی دەرونی‌و مامۆستای زانکۆی ئۆسلۆ- ئاکەشهوس، باسێکی لەسەر نەخۆشییە دەرونییەکان‌و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییە گرینگ‌و بەربڵاوەدا کرد. ناوبراو لە بەشێك لە باسەکەی‌دا گوتی، هەر یەک لە ئێمە رۆژێک لە رۆژان تووشی نەخۆشی دەروونی بووین، بەڵام من وەک لێکۆڵەرێک لە ماوەی کاری خۆم‌دا بۆم دەرکەوتووە کە نەخۆشیە دەرونییەکان زیاتر لە نێو ژنانی کۆچبەردا دەردەکەون‌و ئەوەش لە تەمەنی٥٠ ساڵی‌دا ڕوویان تێ‌دەکا. ئەو گوتی: هۆکاری ئەم دۆخەش چەند خاڵی سەرەکین کە بریتین لە: دوورکەوتنەوە لە وڵات‌و کولتوری خۆیان، گۆرینی ئاو وهەوا، کەم بوونی هاتوچۆو و تێکەڵنەبوون لە نێو کۆمەڵاگا بەهۆی نەزانینی زمان، کە هەموومان دەتوانین بەرەوڕوویان بینەوەو رێگاچارەیان بۆ بدۆزینەوە. بەڕێز رەیدون ئینگەبرێتسن لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا ئاماژەی بەوەکرد کە چۆن دەتوانین پەیوەندی لەگەڵ جەستەی خۆمان دروست بکەین، قسەکردن لەگەڵ خۆت، پێداچوونەوە بە سەر ئەو کێشانەدا کە پێت وایە تۆیان توشی نەخۆشی دەرونی کردوە و هەروەها قسەکردن لەگەڵ کەسە نزیکەکانت‌و چونەدەر لەماڵ‌و تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک دا چەندین ڕێگە چارەی ساکار و گونجاون بۆ دوور کەوتنەوە لە نەخۆشی دەروونی. بەشی کۆتایی سمینارەکە بریتی بوو لە پیشاندانی شانۆیەک لە ژێرناوی دایک‌و کچ.مەبەست لە بەرێوەبردنی ئەو شانۆیە ٢ مەبەستی سەرکی بوون، یەکەمیان لەبیرنەکردنی کولتور و دووهەمیان جیاوازی نێوان کورو کچ لە وڵاتێکی ئوورپایی‌دا کە کور ئیجازەی هەمووشتێکی هەیە بەڵام بەهۆی کولتور و ئایینەوە ژنان و کچانی کۆچبەر بە هۆی گوشاری بنەماڵەو کەس و کار و هاوکات ئەو کۆمەڵگای کە تێیدا دەژین، بەربەست دەکرێ و لە زۆر کاروچالاکی و تەنانەت چوونەوە دەرەوەی ئاساییش بێ بەش دەکرێ، کە ئەوە دەبێتە فاکتەریكی سەرەکی بۆ تووشبوونی ژنان بە نەخۆشییە دەروونییەکان. شایەنی باسە کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی یەکیەتی ژنان بۆ ڕێزگرتن لە فەرهەنگی نەتەوەیی خۆیان بە جلوبەرگی کوردی‌یەوە بەشداری سمینارەکەبوون.