کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان لە دەڤەری پشدەر

15:38 - 1 بانەمەڕ 2716

یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی یادی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی، رێوڕەسمێکی بۆ ئەندامان‌و لایەنەگرانی خۆی لە دەڤەری پشدەر بەڕێوەبرد. پاشنیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە ٣١ ی خاکەلێوە بەبەشدارای سەدان ئەندام‌و لایەنگری یەکیەتیی لاوان لە دەڤەری پشدەر رێوڕەسمی یادی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی ئەو ریکخراوەیە بەڕێوەچوو. ئەو ڕیوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ‌کرد. پاشان پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد. پێشەوا عەلیپوور لە قسەکانی‌دا بە ئاماژە بە هۆکاری بەڕێوەبردنی ئەم جێژنە لە دەڤەری پشدەرو ئاوڕدانەوە لە مێژووی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان وەک یەکەم رێکخراوی تایبەت بە لاوانی کورد لە ناوچەکەدا، باسی لە دۆخی لاوان لە چوارپارچەی کوردستان کردو بەتایبەت بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئەو زەبرو زەنگەی کە کۆماری ئیسلامی خوڵقاندویەتی گوتی: لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژیر سیستمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی‌دا بەو پەڕی سەربەرزییە دژی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرو سەلەفیەتی تەکفیری‌و سیستێمی جاشایەتیی فکری‌و جەستەیی وەستاونەتەوەو، هاوکات لەم سیاسەتەی ئێران گەیشتوون کە دەیەوێ بە داخستنی سنوورەکان‌و کوشتنی کۆڵبەران‌و کاسبکارانی سنوور، نەتەوەکەمان برسی رابگرێ بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی لەسەر نەتەوەکەمان جیبەجی بکاو بەرپەرجی دەدەنەوە. ئەو گوتی: لاوانی رۆژهەڵات نیشتمانپەروەرییان لە ئاستێکی بەرزدایەو بە خەمی منداڵێکی شەنگالییەوە ئازار دەچێژن‌و بزەی منداڵێکی ئامێدی رووگەشیان دەکاو سەرکەوتنی رۆژئاوا بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن. پێشەوا عەلیپوور لە درێژەی قسەکانی‌دا گوتی کە ئێمەی کورد لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە گرێبەستێکی نەتەوەییەو پێویستە لەسەر هاوبەشییەکانمان زیاتر کاربکەین‌و ئاڵاو پێشمەرگەو سروودی ئەی رەقیب‌و کۆماری کوردستان‌و وەسیەتنامەی پێشەوا قازی بکەینە هەوێنی یەکگرتووییمان‌و بەتایبەت لەم دۆخەدا کە ئاڵوگۆرەکانی ناوچە خێران، ئێمەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە دەور دەگێڕین و کار دەکەین بۆ وەسەریەکخستنەوەی ڕێکخراوەکانی لاوانی دێموکرات. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بێستوون ئازەری پەیامی کۆمیتەی پشدەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش کردو ئاماژەی بە هەلومەرجی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان کرد لەو سەردەمەدا ووێڕای باس لە ئامانجەکانی پشت دامەزرانی ئەم رێکخراوەیە، باسی لە دەوری یەکیەتیی لاوان لە حیزبی دێموکرات‌دا کرد. بڕگەی هونەری ئەم رێوڕەسمە، زنجیرە گۆرانییەکی شاد بوو کە هونەرمەند ئاوات بۆکانی، هونەرمەندی لاوی نێو ریزەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکێش بە بەشدارانی کرد.