کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوو ناوچەی جیاوازی کوردستان، دوو کۆنە پایگای سپای پاسداران ئاگر تێبەردران

18:26 - 1 بانەمەڕ 2716

دوو پایه‌گای نیزامیی هێزه‌کانی سپای پاسداران له‌ دوو شوێنی کوردستان ئاگر تێبه‌ردران. شەوی ١ی بانەمەڕ لە ناوچەی "داڵاهۆ"، چەند بەرهەڵستکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پایگایەکی کۆنی سپای پاسدارانیان سووتاند. ئەم پایگایە کە کەوتبووە بەرزاییەکانی شاخی "داڵاهۆ"، لە شوێنێکی ئاستەم هەڵکەوتبوو. به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆژهه‌ڵات تایمز لە وەرزەکانی ڕابردوو‌دا هیزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم پایگایەیان بۆ ڕاوڕووت‌و ئەزییەت‌و ئازاری خەڵکی ناوچەکە بەکار دەهێنا. ئەو کەلوپەلانەش که‌ لەم کۆنە پایگایەدا ئاگریان تێبەردراوە، بریتین لە: تەقەمەنی، ماتۆری بەرق، موکێت، گازوائیل‌و هێندێک کەلوپەلی دیکەی نیزامی. لە ناوچەی "شنۆ"ش، شەوی ٣١ی خاکەلێوە، کۆنەپایگایەکی سەرسنووری سەر بە سپای پاسداران لە شوێنێک بە ناوی" پۆرکێ"، ئاگری تێبەردرا. ئەم پایگایە هەتا پاییزی رابردوو کە لەبەر بەفر‌و باران چۆل کرا، لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ڕاوڕووت‌و تەقەکردن لە کۆڵبەران‌و دەستبەسەرداگرتنی بار‌و وڵاغەکانیان بەکار دەهێنرا. دەگوترێ ئەم چالاکییانە لە لایەن پارێزەرانی ڕۆهەڵاتی کوردستانەوە ئەنجام دراون‌. پاریزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان پێشتر رایانگەیاندبوو ڕێگری‌و تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆڵبەران‌و خەڵکی زەحمەتکێشی سەرسنوورەکان بێ وڵام ناهێڵنەوە. شایانی وەبیرهێنانەوەیە لە یەک مانگی ڕابردوودا چەندین کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست‌داو لە ناوچەکانی پیرانشارو سەردەشتیش دەیان سەر وڵاغی کاروانچییه‌کان، لە دوو هێرشی به‌ربڵاوی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕیژیم‌دا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.