کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی دەزگای هونەری ڕۆشنبیریی شوان‌پەروەر لەسەر ١٠٠ساڵەی سایکس _ پیکۆ

14:40 - 28 بانەمەڕ 2716

دەزگای هونەری ڕۆشنبیریی شوان‌پەروەر بەبۆنەی ١٠٠ ساڵەی سایکس _ پیکۆ کۆڕێکی پێکهێنا. لەو کۆڕەدا کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ ی بانەمەڕ لە ژێر ناوی "١٠٠ ساڵ دەرباز بوون، بەسە بێ دەوڵەت بوون "بەڕێوەچوو، کۆمەڵە باس‌و وتارێک پێشکێش‌کران. لەو کۆڕەدا سەرەتا نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر وتارێکی لە سەر چەندوچۆنیی پەیمانی سایکس-پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ پێشکەش کرد کە چۆن وڵاتانی وەک بریتانیا، فەڕانسەو ڕووسیە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی‌یان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ویست‌و داوای کوردەکان لە نێوان خۆیان‌دا، دابەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا ئەدیب چەلکی باسێکی لە سەر رۆڵی شێخ عەبدوسەلام بارزانی لەسەر دەسپێکی جووڵانەوەی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان کردو دواتر دوکتۆر هۆگر تاهیر، مامۆستای زانکۆ باسی ئەوەی کرد کە هۆکاری ئەوە چی بوو کە کورد نەبوو بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەو لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە فاکتەرەکانی نێوخۆیی، هەڵکەوتەی جوغرافیایی‌و فاکتەری دەرەکی لە نێو ئەوان‌دا،و ڕۆڵی وڵاتانی زلهێزی جیهانی وەک بریتانیا، فرانسە و روسیەی کرد. لە بڕگەکانی دیکەی ئەو کۆڕەدا کۆمەڵێک بابەتی ئەدەبی‌و سروود‌و گۆرانیی نیشتمانی پێشکێش کران. شایانی باسە لەو کۆڕەدا بەشێک لە کۆنسۆل‌و نوێنەرایەتی وڵاتان‌و هەروەها هێندێک لە نوێنەرایەتی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون‌و هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش لە هەولێر بە سەرپەرستیی ئیبراهیم زێوەیی لە سەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی کۆرەکە، لەو یادەدا بەشدار بوو.