کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ

16:58 - 16 جۆزەردان 2716

ناسر قادرپوور، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کردو لە لایەن خاتوو " هەیدی ئێلبورگی یوهانسێن"، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ پێشوازی لێ کرا. ناسر قادرپوور لەو چاوپێکەوتنەدا لە سەر وەزعی محەمەد سەدیق کەبودوەند، سەرۆکی بەندکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە چڕی دوواو راپۆرتێکی تێروتەسەلی لە سەر دۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد بەگشتی‌و بەتایبەتی کەوبودوەندی پێشکێش بەو کاربەدەستەی وەزارەتی دەرەوە کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا نوێنەری حیزب باسی لە نامەکەی سکرتێری گشتی حیزب کرد کە بۆ رێکخراوە نیونەتەویەکان و زۆربەی وڵاتانی جیهان‌و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ناردوە هەر لەوێ نوسخەیەک لە نامەکەی کاک خالید عەزیزیی تەحویلی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ دا. لەو دیدارەدا خاتوو هەیدی ئێلبورگی وێرای هێنانە بەرباسی کۆمەڵێک بابەتێکی پێوەندیدار بە ڕەوشی ئێران، هیوای خواست کە بتوانن بە هاوکاریی رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووکان، پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ‌ لە ئێران بەتایبەتی رەوشی کەوبودوەند بگەیەننە شوێنە پەیوەندیدارەکان.