کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی نۆروێژ بە خۆپێشاندان‌و مانگرتن پشتیوانیی خۆیان له‌ کوبوودوەند ڕاگه‌یاند

07:21 - 19 جۆزەردان 2716

بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نۆروێژ بۆ داکۆکیکردن لە محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە ماوەی مانگێکه‌ لە بەندیخانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی مانی لە خواردن گرتووە، خۆپێشاندانیان کرد. ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی جۆزەردان بە دەستپێشخەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران‌و رێکخراوی خەباتی شۆرشگێری کوردستان‌و به‌شداریی کۆمیته‌ی رێکخستنی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پشتیوانی کردن لە داوا ڕەواکانی زیندانیانی سیاسیی کورد بە تایبەت کەبوودوەند، خۆپێشاندانێک لەبەر ده‌م وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ‌و بەردەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پێک هات. له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌که‌دا له‌لایەن بەشداربووانەوە بە زمانەکانی کوردی، فارسی‌و نۆروێژی کۆمه‌ڵێک دروشم بە دژی رێژیمی ئێران کوترانەوەو، دواتر داوانامه‌یه‌ک کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکە ئامادەکرابوو، لە لایەن ئەسعەد خزری، بەرپرسی پێوەندیی هێزە کوردستانی‌یەکان حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ خوێندرایەوە. لە داواکارییەکەدا وێرای ئاوردانەوەیەک لە وەزعی کوردستان، زیندانیانی سیاسیی کورد بە تایبەت محەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە حکوومەتی نۆروێژ کراوه‌ کە هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر ئەو زوڵم‌و زۆرییە دەرببرێ‌و داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بکەن کە کەبوودوەندو هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد ئازاد بکەن. دواتر هەمان داواکاری کە بە زمانی نۆروێژی تەرجوومە کرابۆوە، درایە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژو ناوبراو بەڵێنی‌دا کە داوانامه‌که‌ بە وەزیری دەرەوەی نۆروێژ بگەیه‌نێ. دوای کاتژمێرێک مانەوە لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، خۆپێشاندەران بەرەو سفارەتی رێژیمی ئێران کەوتنەرێ‌و، دوای ئەوەی کە خۆپێشاندەران گەیشتنە بەردەم سفارەتی ئێران دەستیان کرد بەدروشم بە دژی کۆماری ئیسلام‌ی‌و داوایان کرد باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌و وڵاته‌ دابخرێ. جێگای ئاماژە پێکردنە هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ چەند چالاکی کورد لە رۆژی رابردووە لە بەردەرگای وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بۆ پشتیوانیکردن له‌ زیندانیانی سیاسیی کوردو به‌ تایبه‌ت کەبوودوەند مانیان لە خواردن گرتووەو ئەو مانگرتنە ٥ رۆژ دەخایەنێ.