کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمیناری سیاسیی کاک مستەفا شەڵماشی لە وڵاتی دانمارک

15:00 - 25 جۆزەردان 2716

کۆمیتەى حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، به مەبەستی تیشک خستنە سەر سیاست و بیروبۆچوون و هاوکات شیکردنەوەی پێویست لە سەر بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٦ی حیزب‌و بردنه سەری ئاستی ئاگایی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و رەوەندی کوردی لە وڵاتی دانمارک سەبارەت بەو پرسانە سمینارێکی بۆ کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان رێک خست. ئەو سمینارە ڕۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردان له شاری گرێوەی وڵاتى دانمارک به ئامادەبوونی ڕادەیەكی بەرچاو له ئەندامان، لایانگران و دۆستانی حیزب‌و نوێنەرانی حیزب و لایەنه سیاسی و كۆمەڵایەتیەکانی هەر چوار پارچەی كوردستان به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەكێك بێدەنگی بۆ رێز گرتن له شەهیدانى حیزب و گەل دەستی پێکرد. لە بڕگەی سەرەتای سمینارەکەدا کاک خالید رەواندوست، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی دانمارکی حیزب وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران‌و میوانەکان بۆ ئاشنابوونی زیاتری بەشداران کورتەیەك له ژیان و خەباتی کاک مستەفا شەڵماشیی خوێندەوە. پاشان بەرێز کاک مستەفا لە لێکدانەوەو باسێكی ورد و هەمه لایەنه له سەر هەلومەرجی سیاسی دونیا به گشتی و رۆژهەڵاتی نێوە ڕاست و کوردستان به تایبەتی، ئیشارەی به شەڕ و ئاڵۆزی و ئەو ئالوگۆڕانە کرد کە ئەگەری ڕودانیان لە ئارادایە. هەروەها باسی لە دەور و ڕۆڵ و نەخشی گەلی کورد و پێشمەرگەی كوردستانی له هاوکێشە نێودەوڵەتی و کایەی سیاسی و شەڕی دژ به تێرۆر که لە ئێستا دا گەورەترین مەترسی بەردەم هەموو دونیا و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانه کرد و تیشكی خسته سەر زەرورەتی وریایی و یەکگرتوویی هەموو هێز ولایەنە کوردیەکانی چوار پارچەی كوردستان و کەڵکوەرگرتن و قۆستنەوەی ئەو دەرفەته زێڕینەی بۆ گەلی کورد هاتۆته پێش. بەشی کۆتایی سمینارەکە پرسیارو وڵام بوو کە لەو بەشەدا بەشدارانی سمینارەکە سەرنج‌و تێبینیی خۆیان لەسەر باسەکەی کاک مستەفا شەڵماشی هێنایە گۆڕێ.