کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری فرێدریکستادی نۆروێژ یادی قوربانیانی شیمیابارانی سەردەشت بەرزراگیرا

16:04 - 25 جۆزەردان 2716

کومیتە ناوچەی ئۆستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی ژنان‌و یەکیەتیی لاوان‌و کۆمەڵەی کولتووری کوردی لەو ناوچەیە بە بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمێک یادی قوربانیانی شیمیابارانی سەردەشتیان بەرز راگرت. رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان لە شاری فرێدریکستادی وڵاتی نۆروێژ، بە سرودی ئەی شەهیدان لەلایەن گروپی "داستان"ی یەکیەتی لاوان رێورەسمی یادکردنەوەی شیمیابارانی سەردەشت دەستی پێکرد. لەو کۆرەدا سەرەتا نادر ئەمینی کە خۆی یەکێک لە بەرکەوتووانی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتە، باسێکی لەسەر ئەو رووداوە کرد. ئەو لە باسەکەی‌دا ئاماژەی بە کەمتەرخەمی حکومەتی ئێران‌و رڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئاست ئەو تاوانە دژە مرۆییە کردو ئاماژەی بە دۆخی بریندارانی دوای شیمیابارانەکە کرد کە تا ئێستاش زۆربەیان بە هۆی شیمیابارانەکەوە کیشەی تەندروستیان هەیەو ئاورێکی ئەوتۆیان لێ نەدراوەتەوە. دواتر لە لایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕیادەکە بە داگیرساندنی مۆم لە٢٩ ساڵیادی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت‌دا رێز لە یادو بیرەوەریی قوربانیانی ئەو ڕووداوە گیراو لە درێژەی کۆڕەکەدا کەریم رەحیمی ئەقدەم، فەرهاد رەحیمی ئەقدەم و سالار شوانی باسێکیان لەسەر چەکی شیمیایی و بەتایبەت جۆری چەک‌و هەروەها هۆکاری روودانی ئەو هێرشە شیمیاییە بۆ شاری سەردەشت لەلایەن رێژیمی بەعسەوە پێشکەش کرد. ئەوان لە باسەکانیان‌دا گووتیان بە درێژایی مێژوو لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکان کورد سەرکوت کراو و بە چەکی شیمیایی و تەنانەت لە هیندێک شوێن ناپاڵمیشیان بەکار هێناوەو کورد نابێ هیچ کات مێژووی خۆی لە بیر بچێتەوە کە هەمووکات بۆتە ئامانجی داگیرکەران. لە بڕگەکانی دیکەی ئەو کۆرەدا مامۆستا پەیمان، ئاسۆ خەبات، کامران شافعی، عەوڵا گۆمانی و بەهمەن هەولێری کۆمەڵە هەڵبەست‌و هۆنڕاوەی خۆیان بەو بۆنەیە پێشکێش بە یادی قوربانیان‌و بەرکەوتووانی ئەو ڕووداوە کرد.