کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە پرسەی شەهیدانی حدکادا

15:45 - 31 جۆزەردان 2716

حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداری پرسەو سەرەخۆشیی شەهیدانی چەند ڕۆژی ڕابردووی حدکا بوو. هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولودی، جێگری سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکڕات بەبەشداری لە ڕێورەسمی پرسەو سەرەخۆشیی شەهیدانی ڕۆژی ٢٦ ی جۆزەردانی ناوچەی شنۆی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، هاوخەمیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان بە بنەماڵەو کەسوکارو هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە ڕاگەیاند. ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ٢٦ ی جۆزه‌ردان ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له‌ گوندی قه‌ره‌سه‌قه‌ل له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ڕێژیم دەرگیر بوون‌و له‌ ئاکامی شه‌ڕێکی قورسی چه‌ند سه‌عاته‌دا ژمارەیەک له‌ هێزه‌کانی سپای پاسداران کوژران‌و ٦ پێشمەرگەی ئەو حیزبەش بە ناوەکانی کەماڵ خزری، محەممەدخالید پەیغامی، لوقمان شێخانی، جەماڵ ئیسماعیلی، سەلاح نادری و سەید عومەر حوسێنی، بە داخەوە شەهید بوون. سپای پاسداران له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ هێرشی کردۆته‌ سه‌ر گوندی قه‌ره‌سه‌قه‌ڵ‌و چه‌ند ماڵێکی ئه‌و گونده‌ی بە تۆپ‌و خۆمپارەو دواتر بە لۆدێر به‌ته‌واوی خاپوور کردوه‌و زه‌ره‌و زیانی ماڵێی زۆری لە خه‌ڵکی ئه‌و گونده‌ داوە. پێشتریش دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕات لە پەیامێکی هاوخەمی‌دا بەو بۆنەیە ڕوو بە دەفتەری سیاسیی حدکا ڕایگەیاندبوو کە " ئێمە شەهید بوونی پۆلێک لە هاوڕێیانتان بە خەسارێک نەک هەر بۆ ئێوە، بەڵکوو بۆ خۆمان‌و بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و ئازادیخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دەزانین. بەم بۆنەیەوە بە گەرمی سەرەخۆشی لە ئێوە‌و هەموو تێکۆشەران، ئەندامان‌و لایەنگرانتان دەکەین‌و هاوخەمیی خۆمان‌و تێکڕای ڕیزەکانمان بە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدەکان‌و خەڵکی دڵسۆز‌و پێشمەرگە پەروەری ناوچەی شنۆ ڕادەگەیەنین. هەرلەو کاتەش‌دا وێرانکردنی گوندی "قەرەسەقەل" و دڕندەیی نواندنی هێزەکانی ڕێژیم بەرامبەر دانیشتوانی ئەو دێیە، مەحکووم دەکەین."