کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حدک لەگەڵ بەرپرسانی پایەبەرزی کۆنگرەی ئەمریکا دیدارو چاوپێکەوتنی کرد

03:46 - 6 پووشپەڕ 2716

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە بە مەبەستی چەند دیداری سیاسی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردوە، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆنگرەی ئەمریکا چاوپێکەوتنی کرد. ڕۆژی هەینی، ٤ی پووشپەڕ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە یەکەمین قۆناغی سەردانەکەی‌دا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە شاری واشنگتۆن لەگەڵ خاتوو "میراکۆگن ڕێسنگ"، بەرپرسی باڵای کومیتەی چاوەدێری سیاسەتی دەرەوە لە کۆنگرەی ئەمریکا کۆبۆوە. لەو چاوپێکەوتنەدا سکرتێری گشتیی حیزب‌و هەیئەتی هاوڕێی، لە کیشەو ئاڵۆزییەکانی جیهان‌و ئێران‌و بە تایبەتی ڕەوشی کورد لە ئێران بۆ خاتوو میراکۆگن دوان. هەر لەو دانیشتنەدا باس لە ڕۆڵی گرینگ‌و بەرچاوی ئەمریکا لە هاوکێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بە تایبەتی ئێران کرا. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ‌و بە تایبەتی مافی گەلی کورد لە ئێران تەوەرێکی دیکە باسەکانی کۆبوونەوەی هەیئەتی پلەبەرزی حیزبی بوو. کاک خالید عەزیزی لەو دانیشتنەدا داوای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو سیاسەت داڕێژەرانی ئەو وڵاتە کرد کە فشاری قورس بخەنە سەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داننان بە مافی کورددا؛ هاوکات داوای کرد کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەوڵی بەرینکردنەوەی ئەو هاوپەیمانەتییە بدەن کە دژ بە ئێران‌و وڵاتانی سەرەڕۆ پێکیان هێناوە‌و لەو نێوەدا باس لەوە کرا کە هەموو وزەکان بخرێتە گەڕ بۆ بە چۆکداهێنانی ئێران‌و پێملکردنی ئەو ڕێژیمە بۆ قانوون‌و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان. سکرتێری گشتیی حیزب لەو دانیشتنەش‌دا جارێکی بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی ئێران‌و زلهێزە جیهانییەکان لەسەر کێشەی ئەتومیی ئێران، بە لایەنی ئەمریکیی ڕاگەیاند کە کێشەی ئەتومیی ئێران زیاتر لە پێویست جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوەو ئێران لەو کێشەیە بۆ داپۆشینی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی خەڵک‌و سەرکوتی ئازادی‌و گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدام لەو وڵاتە دا کەڵک وەردەگرێ. پێویست بە ئاماژەیە کە لەو دیدارە دا هەیئەتێکی نوێنەرایەتی‌و کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا پێکهاتوو لە کامڕان باڵنوورو مەنووچێهر پۆردڵ هاوڕێیەتی بەڕیز کاک خالید عەزیزی‌یان دەکرد http://localhost/files/3-1.jpg