کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: دەبێ کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین چیدی پرسی کورد نەخاتە پەراوێزەوە

15:38 - 8 پووشپەڕ 2716

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سمینارێک‌دا لە واشنگتۆن، پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سیاسەت‌و هەڵویستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی کوردستان‌و ئێران‌و ناوچە شی کردەوە. ئەو سمینارە ڕۆژی دووشەممە،٧ی پووشپەڕ ( ٢٧ ی جوونی٢٠١٦ ی زایینی) بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر سیاسەت‌و خوێندەوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبەشداریی ئەندامانی حیزب‌و نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان گیرا. لە سەرەتای سمینارەکەدا کامران باڵنوور، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حیزب لە ئەمریکا مەبەست لە گرتنی ئەو سمینارەو تەوەرە سەرەکییەکانی باسەکەی کاک خالیدی شی کردەوە کە بەشێکی بریتی بوون لە: چەند و چۆنیی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆچوونی حیزبی دێموکڕات لەسەر ئاڵوگۆڕەکان لە ژێر ڕووناکایی کۆنگرەی ١٦ی ئەو حیزبە، مێتودو شیوازەکانی جۆراوجۆری خەبات لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا، پرسی کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی لە ئێران دێنە پێش بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کوردو هەروەها پرسی پێویستیی بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی‌و هاوکاریی زیاتر لە نیوان حیزب‌و ڕیکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی‌و نەخشە ڕێگای خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە بڕگەی سەرەکیی کۆنفڕانس‌دا کاک خالید باسەکەی بەوە دەست پێکرد کە بۆ کورد تا ئێستا بە مافەکانی نەگەیشتوە؟ بۆ خەسارناسیی ئەو بابەتە ڕەخنەی لەو مێتۆدە گرت کە بەردەوام باس لە هۆکاری دەرەکی بۆ دواکەوتنی ئەو پرسەی کورد لە مێژوودا دەکاو سیلە لە دوژمن دەگرێ. بەڕێزیان کات‌و سەردەمی بەستنی پەیماننامەی سایکس _ پیکۆ، بەستنی پەیماننامەی سێڤر، دروستبوونی کۆماری کوردستان‌و ڕووداوەکانی عێڕاق لە دوای ساڵی ١٩٩١ی بە چەند وێستگەیەکی مێژوویی بۆ ئەو باسە هێنایەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕەخنەی لەو جۆرە لێکدانەوەیە گرت کە خەتای هەموو پاشکەوتنەکان‌و بەفیڕۆدانی دەرفەتەکان‌ دەخاتە ئەستۆی لایەنەکانی دیکە وەک دراوسێکان، وڵاتانی ناوچەو هاوکێشە جیهانییەکان. کاک خالید پێی وابوو کە بەپێچەوانە بەشی زۆری خەتاکان ڕێک دەکەوێتە سەرشانی حیزبە سیاسییەکان‌و لایەنەکانی دەسەڵات، بەڵام بەداخەوە ژیانی سیاسیی کورد ئەو دەرفەتەی بە ئێمە نەداوە کە داواکانی ئێمەو ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەو ڕێکارەکانی ئێمە نەهادینە ببێ‌و رێکخراو و موئەسسیاتی مەدەنیی تێدا دروست ببێ‌و ئێستاش هەموو ئەو بابەتانە تەنیا بە حیزبە سیاسییەکان پێناسە دەکرێ. کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا پەڕژایە سەر ئاڵوگۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌و پێی وابوو ڕەوتی ئاڵوگۆرەکان بە جۆرێکن کە ئەگەر کورد باش دەرفەتەکان ببینێ دەتوانێ جێگەو پێگەی خۆی بەهێز بکاو قەڵەمبازێک بۆ پێشەوە بدا. سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو پێوەندییەدا تیشکی خستە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە هەرێمی باشووری کوردستان‌و مامەڵەی باشی ڕێبەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیی‌و جیهانییەکان‌و ئەو دەسکەوتە بەرهەستانەی تا ئێستا لەو بەشەی کوردستان وەدی‌هاتوون. کاک خالید لەو بەشەی باسەکەی‌دا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەیەوە بەهەست بە بەرپرسایەتی‌و دەروەستییەک کە چارەسەری پرسی کورد هەیەتی، یارمەتیدەرێکی باش بۆ هاتنە ئارای دۆخی ئێستای باشووری کوردستان بووە. سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا تیشکی خستەسەر بڕیارو پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی  ١٦ی حیزب‌و یەک لەوان پرسی ڕێفڕاندۆم. بەڕێزیان گوتی: خستنە بەرباسی پرسی رێفراندۆم بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕیتەوە بۆ چەند فاکتۆر، کە لە لایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە خراوەتە بەرباس‌و هیوادارین کە ئەوە وەک چارەسەرێک بخرێتە نێو باس‌و خواسە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ حیزبەکانی دیکەش باس بکرێ. کاک خالید لە درێژەدا باسی لە پاشخانی فیکریی ئەو پرسە کردو لە روانگەی ماف‌تەوەری باسی لە هەموو ئەو قۆناغە مێژووییانە کرد کە کورد لە ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانی لە رێگای ئاشتی‌و مەدەنی بڕیویەتی، بەڵام هەموو کاتێ لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بە زمانی شەڕو سەرکوت وەڵامی دراوەتەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە ئاماژە بە هەموو ئەو مێتۆدانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەباتی خۆی بۆ گەیشتن بە مافەکانی گرتوویە بەر، ئەوەی بە مافی کورد زانی کە لە درێژەی حاشای دەوڵەتی ناوەندی‌دا پرسی رێفڕاندۆم لە نێوخۆی وڵات‌و کۆڕو کۆمەڵە جیهانییەکان‌دا بێنێتە بەرباس. باس لە دۆخی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ژێر ڕووناکایی هاوکێشە ناوچەییەکان تەوەرێکی دیکەی باسەکەی کاک خالید عەزیزی لەو سمینارە بوو و بەڕێزیان لەو بەشە لە قسەکانی‌دا بە بەراوردکردنی دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات لەچاو بەشەکانی دیکەی کوردستان تیشکی خستە سەر جیاوازییەکانی واقعی کورد لە ئێران‌و پێی وابوو قەبووڵی ئەو جیاوازییانە یارمەتیمان دەدا بۆ گەڕان بە دوای ڕێگەچارەیەکی گونجاودا. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو بەشە لە قسەکانی‌دا تیشکی خستە سەر ئەوەی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ڕۆژەڤ‌ دایەو لە بازاڕی بۆرسی سیاسەت‌دا دیارە، هۆیەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ناڕوونیی داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتانە، بەڵام ئێران لە هەموو بەشانە جیاوازترە، هەر بۆیە ئەرکی کورد لە ئێران و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسترە. کاک خالید عەزیزی گوتی: ئێمە دەبێ ئێران ناچار بکەین کە کێشەی کورد نەخاتە پەڕاوێزەوەو نادیدەی نەگرێ، ئەوەش بەوە دەکڕی کە شێوازو مێتودی خەباتمان بە جۆرێک بێ کە ئێران بێنینە دەنگ. لەو نێوەدا وەک یەک نەبوون‌و فرە نەتەوەیی لە ئێراندا وایکردوە کە چارەسەری کێشەی کورد ئاستەمتر بێت، هەر بۆیەشە کە کورد دەبێ مێتودی کاری خۆی بۆ بدۆزێتەوە. کاک خالید بە ڕاشکاوی گوتی: ئۆپۆزێسیۆن بوون نابێتە نان و ئاو. لە سیاسەت دا ئەوە گرینگە کە ببێتە ئادرەس، ئەوەش لەو کێبرکێیەدا درووست دەبێ کە لە نێوان ئێمە وکۆماری ئیسلامی دا هەیە؛ بەڵام بە داخەوە بە هۆی ناکۆکی لە نیوان حیزبەکاندا هێشتا نەماتوانیوە ئادرەسێکی دەقیق بۆ شۆڕشی ڕۆژهەڵات دەستنیشان بکەین. باس لە شێوازەکانی چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەوەرێکی دیکەی باسەکەی کاک خالید عەزیزی بوو، لە بڕگەی کۆتاییش‌دا کە بۆ پرسیارو وەڵام تەرخان کرابوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وەڵامی پرسیارەکان‌دا زیاتر سیاسەت‌و بۆچوونی حیزبی دێموکڕاتی لەسەر باسەکان شی کردەوە.