کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک خالید عەزیزی لەگەڵ کیرستن سێنێما، نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا چاوپێکەوتنی کرد

20:04 - 11 پووشپەڕ 2716

کاک خالید عەزیزی، سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە بە مەبەستی چەند دیداری سیاسی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردوە، لەگەڵ کۆنگرێسمەن، کیرستن سێنێما؛ دیدارو چاوپێکەوتنی کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە،٩ی پووشپەڕ لە نووسینگەی بەڕێز کیرستن سێنێما کرا، سەرەتا کاک خالید باسێکی پوختی لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و بارودۆخی نێوخۆیی ئێران کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە درێژەی باسەکەی‌دا باسی لە پێویستیی یارمەتیدان‌و هاریکاریی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی ئێران بۆ پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی لە وڵات‌دا کرد. کاک خالید پێی لەسەر گرینگیی خەباتی مەەنی لە نێو خۆی وڵات‌دا داگرت‌و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حیزب‌و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە نێوخۆی وڵات ئەگەر پشتیوانییان لێ‌بکرێ، دەتوانن چۆک بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دابدەن. دەوری کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشەکانی ناوچەو جیهان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو. کاک خالید لەو بەشەدا پێداگر بوو کە ئێران ناتوانێ بەشێک لە چارەسەری کێشەو قەیرانەکانی ناوچەو جیهان بێ، چونکی بۆ خۆی لە دروستبوونی ئەو کێشانەدا ڕۆڵی سەرەکیی بووە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا داوای لە کیرستن سێنێما، ئەندامی کۆنگرەی ئەمریکا کرد کە فشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن تا ئەو ڕێژیمە بەپێی قانوونە بنەرەتییەکانی وڵاتیش بێ،ماف‌و ئازادییەکانی خەڵک دابین بکا. لەو بەشەدا کاک خالید عەزیزی ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان‌و کەمایەتییە ئایینیەکان کرد کە سەرەڕای ئەوەی مافەکانیان لە قانوونی بنەڕەتیی وڵات‌دا دانی پێدانراوە، بەڵام لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرکەوت دەکرێن. تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بۆ باس لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هەمبەر ئاڵوگۆڕەکان لە ئێران‌و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست تەرخان کرابوو. لەو دیدارەدا کیرستن سێنێما، ئەندامی کۆنگرەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارەدا سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە هاوکێشەکانی ئێران‌و ناوچەدا بە باش‌و دروست هەڵسەنگاندو پشتگیریی خۆی بۆ دۆزی کورد لە ئێران‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕاگەیاند.