کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی حدک لە پیرانشار بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٢ی پووشپەڕ

12:47 - 17 پووشپەڕ 2716

ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە پیرانشار بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب‌و کاک عەبدوڵلا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی چالاکیی تەبلیغییان کرد. لەو چالاکییە تەبلیغییەدا بەبڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانی ڤییەن، تڕاکت‌و دروشمی تەبلیغیی حیزب لەگەڵ نەمر دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو پەیمانی بەڵێن‌و وەفا نوێ کرایەوە. بەشێک لەو شوێنانەی چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە: زۆربەی شەقام‌و جادە ئەسڵییەکانی پیرانشار، ڕێگاکانی سەرووکانی، شنۆزەنگ، دەورووبەری کارخانە قەند، زەنگیاوێ، گردکشانە، لقوێن، کاسەکەران، خەراپە، سەرین‌چاوە، جادەی پیرانشار_ نەغەدەو چەند شوێنێکی‌تر. دوکتور قاسملوو،سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ٢٢ی پووشپەڕی داڵی ١٣٦٨داو لە حاڵێک‌دا کە بۆ باس لەسەر پرسی کورد لە ئێران لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامی وتووێژی دەکرد، لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کرا. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێک‌دا بەبۆنەی ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو داوای لە خەڵکی کوردستان کردوە تا بە مانگرتنی گشتی، بایکۆتکردنی بازاڕ‌و مەیدان ‌و شوێنە گشتییەکان لە رۆژی 22ی پووشپەڕدا، ناڕەزایی گشتیی خۆیان لە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی ‌و تیرۆر‌و کوشتاری ئازادیخوازان، نیشان بدەنەوە. هەروەها لە رۆژانی پێش ٢٢ی پووشپەڕ و لەو رۆژەش‌دا، بە بەرزکردنەوه‌ و بڵاوکردنەوەی سروود‌ و دروشمی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەیی و بایەخدان بە هێماکانی کۆڵنەدان‌ و خۆڕاگری، بە زەوتکەران ‌و پێشێلکەرانی ماف ‌و ئازادییەکانی گەلی کورد، بسەلمێننەوە کە تیرۆری ڕێبەران ‌و شەهید کردنی تێکۆشەران ‌و نزیک بە ٤ دەیە سەرکوت و وێرانی ‌و گرتن ‌و ئێعدام، خەڵکی کوردستان بە چۆک دا ناهێنێ.