کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە ڕەبەت و مەریوان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

18:50 - 21 پووشپەڕ 2716

لە درێژەی کار و چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە ناوچەی ڕەبەت و مەریوانیش بە چالاکیی تەبلیغی یادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ و هەموو شەهیدانی کوردستان بەر ڕاگیرا. بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری مەریوان ئەندامان و لایەنگرانی بەهەست و بوێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی توندی شارەکە، بە چالاکیی تەبلیغی دڕیان بە شەوەزەنگی بێدادی و کەشی کپکراوی ئەو شارەدا. لەو چالاکییەدا کە لە زۆر شوێنی شار بۆ نموونە لە کۆڵانەکانی دەورووبەری "مزگەوتی ئەبوبەكر سدیق، دارسەیرانی قەدیم، دەبیرستانی تالقانی، فەرمانداریی قەدیم و گەرەکی تازاوا" کراون،یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن بەرز ڕاگیرا. لەو چالاکییە تەبلیغییەدا بە سەدان وێنە، دروشم و تڕاکتی تەبلیغیی حیزب لەو شوێنانە بڵاوکراونەتەوە و لە دار و دیوار دراون. لە ناوچەی رەبەتیش ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، چالاکیی تەبلیغییان کردوە. لەو چالاکییە تەبلیغییەدا کە لە نێو شاری ڕەبەت و گوندەکانی "جبەڕەند"، "زمزیران" و "سارتکێ" کراون، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان،هەموو هەوڵی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ رێگری لە یادکردنەوەی شەهید قاسملوویان مایەپووچ کردەوە. چالاکیی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە مەریوان و ڕەبەت لە حاڵێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە شارەکانی پیرانشار، سنە و بۆکان سەرەڕای کەشی توندی ئەمنیەتی چالاکیی تەبلیغیی بەربەرین کرابوو. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لەو پۆلە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هەموو ئەو ناوچانەی کوردتان کردوە و سڵاوی بۆ ناردوون.