کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کرماشان، قەسری شیرین، سەرپێلی زەهاو و داڵاهۆ بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ چالاکیی تەبلیغی کرا

16:59 - 22 پووشپەڕ 2716

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کرماشان، قەسری شیرین، سەرپێلی زەهاو و داڵاهۆ بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب و کاک عەبدوڵلا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی چالاکیی تەبلیغیی بەربەرینیان کرد. ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کرماشان شەوی ٢٢ی پووشپەڕ بۆ پێشوازی لە بانگەوازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە پارکی شەڕقیی تاق‌بۆستان بە بڵاوکردنەوەی تڕاکر و وێنەی شەهیدان بە نێو خەڵکدا چالاکیی تەبلیغییان کردوە و هەروەها دەیان باڵۆنیان وەحەوا خست کە لە سەریان نووسرابوو: " قاسملوو، رێگات درێژەی هەیە". لە سەرپێلی زەهاویش ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شەقامی شاعەباسی، گاراجی کرماشان و رێگای قەسری شیرین بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تڕاکتی حیزبی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەنیان بەرز ڕاگرت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. قەسری شیرین، داڵاهۆ و کەرەندی ڕۆژاواش چەند مەڵبەندێکی دیکەی کوردستان بوون کە شەوی ٢٢ی پووشپەڕ زۆر شوێن و گەڕەکیان بە دروشم و تڕاکتی حیزب و وێنەی شەهیدان ڕازێندرایەوە. ئەو چالاکییە تەبلیغییانە لە کرماشان لە دۆخێکدا کراون کە بارودۆخی شارەکان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەرەوە بە تەواوت ئەمنیەتی کرابوو، بەڵام ڕێبواران و قوتابییانی بەبیرو باوەڕی شەهید قاسملوو، هەموو هەوڵی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان مایەپووچ کردەوە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لەو پۆلە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هەموو ئەو ناوچانەی کرماشان کردوە و سڵاوی بۆ ناردوون.