کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ به‌رده‌رکی باڵوێزخانه‌ی ئوتریش له‌ سۆئێد خۆپیشاندانێک بۆ مه‌حکومکردنی تێرۆری د. قاسملوو ڕێکخرا

05:01 - 24 پووشپەڕ 2716

له‌ بیست و حه‌وته‌مین ساڵیادی تێرۆری دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و عه‌بدوڵلا قادری‌ئازه‌ر، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب که‌ له‌ وڵاتی ئوتریش به‌ ده‌ستی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران، کوردانی دانیشتووی سۆئێد له‌ به‌ر ده‌م باڵوێزخانه‌ی ئوتریش له‌ ستۆکهۆلم خۆپیشاندانێکیان وه‌ڕێ خست. له‌و خۆپیشاندانه‌دا که‌ ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ به‌به‌شداریی دەیان کەس لە ئەندامان و لایانگران و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی خاوەنی هەڵوێستی نێشتەجێی وڵاتی سۆئێد به‌ڕێوه‌چوو، چەندین وتار و پەیام و بڕیارنامە پێشكەش کران. ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌ قسه‌کانی کاک نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە وڵاتی سۆئێد دەستی پێکرد. نەبەز عەلیدووست لە قسه‌کانیدا بە ئاوڕدانەوە لە ڕووداوی دڵتەزێنی تێرۆری ڤییه‌ن، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی هەموو بەڵگە و ئاماژەکان بۆ دۆزینەوە و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە لە لایەن پۆلیسی وڵاتی ئوتریشەوە خرابوونە بەردەستی دادگای ئەو وڵاتە، بەڵام بە هۆی ساتوسەودای بازرگانیی نێوان دوو وڵات، په‌روه‌نده‌ی ئەو تێرۆرە کە لە لایەن کەسانی هەرە پلەبەرزی ڕژیمی ئێرانەوە پیلانی بۆ داڕێژرابوو و بڕیاری لەسەر درابوو، لە لایەن دادگای وڵاتی ئوتریشەوە داخرا و تا ئیستاشی لەگەڵ دا بێ پەروەندەی ئەو تێرۆرە ناجوانمێرانەیە بە داخراوی ماوەتەوە. کاک نەبەز لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ جارێکی دیکە داوای لە کاربەدەستانی ئوتریش کرد پەروەندی ئەو تێرۆرە بخه‌نه‌وه‌ گه‌ڕ و ڕێگە بە دادگاکانی وڵاتەکەیان بدەن کە سەربەخۆیانە لێکۆڵینەوەی لێ و بڕیاری لە سەر بدا. لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانە دا بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیسی لە لایەن هاوڕێیان کەمال گروێسی و کەمال حەسەنپوور خوێندرایەوە. له‌ بڕگه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا پەیامی کومیتەی ئاشتی و یەکبوون له‌لایه‌ن کاک سەید عەلی هاشمی پێشکێش کرا و خاتوو لەیلا محەممەدی، له‌باره‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ و مه‌به‌سته‌کانی وتارێکی پێشکێش کرد. شایانی باسه‌ دوای به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌که‌ نێردراوی باڵوێزخانەی ئوتریش لە شاری ستۆکهۆڵم، هاتە نێو خۆپیشانده‌ران و بڕیارنامەی خۆپیشاندەرانی لە هاوڕێیان کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی کومیتەی سوید و ئەندامی ڕێبەری حیزب و کاک سیاوەش قەوپەنجە وەرگرت. له‌و ئاکسیۆنه‌دا خۆپیشاندەران بە بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهیدانی ڤییەن و درووشم و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە ناڕەزایەتیی توندی خۆیان دژ بە ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێدەنگی حکومەتی ئوتریش لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردو دا بەرامبەر بەو تێرۆرە دەربڕی و بۆ جارێکی دیکە کاربەدەستانی وڵاتی ئوتریش و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دڵنیا کردەوە کە پەروەندی تێرۆری ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکڕات هەتا هەتایە بە کراوەیی دەمێننه‌وه‌.