کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لەلاوانی کورد هاتنە ڕیزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە

18:35 - 24 پووشپەڕ 2716

پۆلێکی دیکە لەلاوانی کورد دوای تەواوکردنی خولی سەرەتایی پێشمەرگە بەڕەسمی بەرگی پێشمەرگایەتیان پۆشی و تێکۆشانی خۆیان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا دەست پێکرد. فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کۆتایی دەورەی ٢١٧ی سەرەتایی پێشمەرگە لە بناری هەڵگورد ڕێوڕەسمێکی پێک‌هێنا. لەو ڕێوڕەسمەدا کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ بەبەشداریی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی بنکەکانی حیزب لە ناوچە سنوورییەکان گیرا، ئەو پۆلە لە لاوانی کورد پاش تەواوکردنی خولی ڕاهێنانەکان بەڕەسمی لە ڕیزی پێشمەرگەکان‌دا سازمان دران. لە ڕێورەسمی کۆتایی ئەو دەورەیەدا کە سروودی نەتەوایەتیی " ئەی ڕەقیب" و ڕێژەی نیزامیی بەشدارانی دەورە، مانۆڕی خۆحەشاردان لە تۆپبارانی دوژمن و فێرکارییە نیزامییەکان دەستی پێکرد، کاک ڕەحمان پیرۆتی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی وتارێکی پێشکێش کرد. کاک ڕەحمان پیرۆتی لە قسەکانیدا لەسەر بەردەوامیی خەباتی کورد لە ئێران تا گەیشتن بە مافەکانیان دوا و لەسەر گرینگیی ئامادەکاری و بەستێن‌سازی و پێویستیی خۆپێگەیاندنی لاوان و پێشمەرگەکان بۆ ئەرک وەخۆگری لەو خەباتەدا بۆ بەشداران قسەی کرد. لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باسێک لە سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١٧ ی پێشمەرگە بوو. ئەو ڕێوڕەسمە بە چەند بڕگەی هونەری لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە درێژەی پێدرا.