کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندێکی کۆمیتەی هولەندی حدک، لە ڕێوڕەسمی ساڵرۆژی ئاشکرا بوونی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران لە شاری لایدێن هولەند

01:17 - 4 رەشەمه 2716

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ ڕێبەندان ١٣٩٥ی هەتاوی (١٨ی فێبریواری ٢٠١٧ی زایینی)، لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، هاورێیانی بەشی پەیوەندییە کوردستانیەکانی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هولەند بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و یاد کردنەوەی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی ئاشکرا بوونی کۆمەڵە بەشداریان کرد. لەو ڕێوڕەسمە دا کە لە شاری لایدێن بەڕێوەچوو، پەیامی پیرۆزبایی و هاوخەباتی و برایەتی تێکۆشەرانی دێموکرات سەر بە کومیتەی حیزب لە لایەن هاورێ هێمن مەحمودی بەرپرسی پێوەندیەکانی کۆمیتەی هولەند خوێندرایەوە و پێشکەشکرا. پەیامی کۆمیتەی حیزب وێڕای ڕێز لێنان لە بەشداری چالاکانە و خەباتی کۆمەڵە دژ بە کۆماری وەکوو هێزە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە شەڕی داسەپاو بە گەلی کورد دا  لە لایەن  ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا و هەروەها  ئاوردانەوە لە گۆرانکاریەکانی ناوچە وپێشهاتەکان، داوای لە هەموو حیزب ورێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە لە پێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ئێران زیاتر بەرەو کاری هاوبەش هەنگاوی جیددی هەڵێنەوە، هەروەها بۆ جارێکیتر روانگە و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هێنایەوە بەرباس کە لەگەڵ پێشوازی بەشداربووان بەرەوڕوو بوو. هەر لەو مەراسیمەدا شاندی پێوەندیەکانی حیزب لە هولەند لە دانیشتنێکی تایبەت‌دا لەگەڵ دۆستانی کۆمەڵە، لەسەر کۆمەڵێک باسی رۆژ بیروڕایان ئاڵوگۆر کرد. شایانی باسە کە هاورێیان هێمن مەحمودی بەرپرسی پەیوەندیکان و هاوڕێ واحید محەمەدزادە ئەندامی سەر بە کۆمیتەی حیزب بەشداری ئەو ڕێورەسمەیان کرد.