کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک تایبەت بە زمانی دایک، لە شاری کۆیە

01:32 - 4 رەشەمه 2716

پاشینێوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢١/٢/٢٠١٧ بەرانبەر بە ٣ی ڕەشەممە  بەهاوکاری یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی شاری کۆیە سیمینارێکی هاوبەش سەبارەت بە پرسی زمانی دایک بەڕێوەچوو. هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان و تۆری چەتری رێكخراوەکانی شاری کۆیه‌،  سیمینارێکی هاوبەشێان سەبارەت بە زمانی دایک، بۆ بەڕێزان مامۆستا قادر وریا و، مامۆستا “بڕاو ڕەسووڵ” پێک‌‌هێنا. لەو سمینارەدا دوای راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان وسەرجەم تێکۆشەرانی کوچکردووی بواری زمان وکلتووری نەتەوەیی لەدوو پانێل ‌دا هەردووکوڕگێڕ لە دوو تەوەری جیاجیادا پرسی زمانی دایک ورەهەندەکانی ئەو پرسەیان تاوتوێ کرد. سەرەتا لەلایەن قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک و مامۆستای زانکۆ، باسەکەی خۆی لە ژێرناوی”بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وپرسی خوێندن بەزمانی دایک” دەسپێکرد. ناوبراو بە خستنەبەرباسی جیاوازی پرسی زمانی دایک لە پارچەکانی کوردستان ، ئاورێکی کورتی لە مێژوویی بزاڤی نەتەوەیی کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستانی دایەوەو “کۆمەڵەی ژ.کاف”ی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم دا. قادر وریا لە درێژەی بابەتەکەی‌دا، بە باسکردن لەسەر پێکهاتەکان و دێموگرافیای گەلانی نێو جوغرافیایی ئێران لەباری میژووییەوە سەپاند و زاڵبوونی نەتەوەیەکی باڵادەستی لەو وڵاتەدا بۆ ئامادەبووان شیکردەوەو لەو بارەوە گوتی؛سیاسەتی یەکسانكردن و تواندنەوەی زمان وکلتووری گەلانی دیکە لە ئێران بەتایبەتی لە سەردەمی رەزاخان وکوڕەکەی تادەگاتە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی جۆراجۆر ڕچاو کراوە و دەسەڵاتی باڵادەست هەموو هەوڵێکی بۆ ئەو مەبەستە داوە. هاوڕێ قادروریا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا پەڕژایە سەر ئامانج ومەبەستەکانی کۆماری کوردستان و بایەخدانی بە پرسە نەتەوەییەکان کە یەکێک لەوان زمانی دایک و مافی خوێندن ونووسین بە زمانی نەتەوەییە. ناوبراو دەور و رۆڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وکاریگەریی بەسەر گەشە وپەرەپێدان بە زمانی دایک لەدوو قوناخ‌دا باس کرد، یەکەم سەردەمی کۆماری کوردستان و دوویەم دوای شۆرشی گەلانی ئێران. لەو پێوەندییەدا گوتی دوای کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان  بۆ ماوەیەک کورتیش کە خاوەن دەسەڵات بووە لە بەشێکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرینگی بە زمانی دایک داوەو یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەوبزاڤە نەتەوەییە مافی خویندن ونووسین بەزمانی نەتەوەییە. قادر وریا بە باس کردن لەسەر کاریگەریی و شوێندانەریی ویستی نەتەوەیی لە دەستوور ویاسای ئێران لە ژێر هەبوون و هێزی لایەنەسیاسییە نەتەوەییەکان لە دوای سەرکەوتنی گەلانی ئێران لەوبارەوە گوتی؛ ئەرگەرچی پرسی زمانی دایک لە یاسای بنەڕەتیی ئێرا‌ندا ئاماژەی پێدراوە بەڵام بەرپرسان و دەوڵەتەکانی خاوەن دەسەڵات لەوڵاتەدا تاکوو ئێستا ئەو مافەیان جێبەجێ نەکردوە و ئەگەریش زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو ماوەو لە گەشەکردن دایە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ وماندووبوونی چالاکوانانی بواری فەرهەنگ وزمانی کوردی ، هه‌رچه‌ند حکومەت ئەو پرسەی وەپشت‌گوێ خستووە، بەڵام پارێزەرانی زمان وکلتووری کوردیی  بە باشی سەرنجی خەڵکیان ڕاکێشاوە. لە پانێلی دوویەم لەو سیمینارەدا لەلایەن مامۆستا “بڕوا رەسووڵ” مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕێن لەشاری ڕانیە، باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی نەتەوەی کوردو بەکارهێنانی زمانی دایک، وەک مافێکی گەردونی” پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو بە شیکردنەوەی هۆکاری دیاری کردنی رۆژیکی جیهانیی بەناوی زمانی دایک باسەکەی درێژە پێدا و لەسەر گرینگی پرسی زمان لە نێوکۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان دوا. بڕاو رەسووڵ بە هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی و زاراوەکانی لە گەڵ چەند زمانی دیکە ، باسی تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی کرد. ناوبرا لە دریژەی باسەکەی‌دا بە خستنەرووی گرینگی پرسی زمان لە سەدەی هاوچەرخ بۆ پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوەییەکان، لەوبارەوە زمانی بە فاکتەرێکی گرینگ و چارەنووس‌ساز زانی. بەشی کۆتایی تەوەری باسەکەی مامۆستا بڕاو رەسووڵ تەرخان کرابوو بۆ باسکردن لە مافی زمان و دانپێدانانی جاڕنامەکان وگرێبەستە نێونەتەوەییەکان کە وەکوو مافێکی  رەوا ئاماژەی پێدراوە. لە دوایین بەشی ئەوسیمینارە زانستییەدا، لە گفتگۆیەکی کراوەدا، چەند کەس لە ئامادەبووان ڕاوبۆچوونی خۆیانیان باس کرد.