کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێک‌هێنانی دوو کۆبوونەوە بۆ سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:35 - 12 رەشەمه 2716

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشمەرگەکانی سەرسنووری بەسەر کردەوە. هاوڕێ مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێک لە دەفتەری سیاسی و تەشکیلات و ناوەندی ٣ی حیزب،سەردانی بنکە پێشمەرگەکانیان کرد لەسەرسنوور. رۆژی ١١ی رەشەممە هەئیەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرەستی سکرتێری گشتیی حیزب، سەردانی  پێشمەرگەکانی سەرسنووریان کردو کۆبوونەوەیەکیان پێک‌هێنا. لەو کۆبوونەوەدا هاوڕێ مستەفا مەولوودی وێڕای سپاس ودەستخۆشی لە بەرپرس و پێشمەرگەکانی سەرسنوور کە ماندوویی‌نەناسانە ئەرکی حیزبی لەسەرسنوور بەڕێوەدەبن، لەسەر هەلومەرجی هەستیاری حیزب و هەڵوێستی حیزب بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە پێشمەرگەکان بۆ سەر شاخ ونزیکبوونەوە بەسنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ،بۆ ئامادەبووان دوا. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوبارەوە گوتی؛ جێگیربوونی بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزب لەسەرسنوور لەم دووساڵە‌دا کاریگەریی باشی لەسەر تێکۆشانی حیزبی دێموکرات داناوەو، پێوەندی گرتنی خەڵک لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو حیزبی باشترکردوە. دوای قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کەشێکی پێشمەرگانە ، هاوڕێ مستەفا مەولوودی گوێ بۆ ڕاوبۆچوونی پێشمەرگەکانی سەرسنوور گرت و بەڵێنی دا کە هەموو توانای حیزب وەگەڕ دەخەین بۆ پێڕاگەیشتنی باشتر بە کادر وپێشمەرگەکان و، لە درێژەی خەباتەکەمان‌دا جیددی تر دەبین. دوای سەردان کردنی بنکە پێشمەرگەکانی سەرسنوور ، تەشکیلاتی حیزب لە باشووری کوردستان لەدرێژەی کۆبوونەوە گرتن بۆ ئەندامانی خۆی کە نیشتەجێی باشووری کوردستان، بە هاوکاری ناوەندی ٣ شەوی ١١لەسەر١٢ی رەشەممە کۆبوونەوەیەکی بۆ ئەندامانی حیزبی لە دەڤەری سۆران و سکرتێری حیزب پێک‌‌هێنا. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەربەرێکخستنەکانی حیزب تێیدا بەشداربوون سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی ریز لەیادوناوی شەهیدانی کوردستان گیرا. پاشان حەسەن خوشکلام بەرپرسی تەشکیلاتی باشوور مەبەست لەو کۆبوونەوەی بۆ ئامادەبووان باس کردو، دواتر هاوڕێ مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵیک پرس وبابەتی سیاسی وتەشکیلاتی بۆ ئامدەبووان خستەڕوو. مستەفا مەولوودی بە باس کردن لە دەورو نەخشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، لەرۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوەکرد کە کۆماری ئیسلامی هەمووکات ویستوویەتی زەبر لەم حیزبە خاوەن پێگەیە بوەشێنێ و، هەربۆیە ناوبراو بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی، وشیاری وهاوکاری وخەمخۆری زیاتری ئەندامانی حیزبی بە پێویست زانی. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانی‌دا لەسەر کاری هاوبەشی حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی نزیکبوونەوەی دوو باڵی دێموکرات بە مەبەستی یەکگرتنەوە پێداگریی کردو، لەوبارەوە گوتی؛ بێگومان بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان جوڵانەوە وخەباتی رۆژهەڵات بەهێزتر دەبێ و،  بەشێکی بەرچاو لە کێشەکان چارەسەر دەبن. لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵیک باس و پیشنیار لە لایەن ئامادەبووانەوە باس کران و، وڵامی پرسیار و تێبینی بەشێک لە بەشداربووان  لەلایەن سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان درانەوە.