کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥مین کۆنگرەی ئینتێڕناسیۆناڵ سۆسیالیست دەستی بەکارەکانی کرد

01:10 - 14 رەشەمه 2716

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕیکەوتی٢ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، ڕێکه‌وتی ١٢ی ڕه‌شه‌ممه‌ لە شاری کارتەگێنا، شارەکەی نووسەرو رۆنامەنووس، چالاکی سیاسی  و براوەی خەڵاتی نوبێل، گابریل گارسیا مارکز، ٢٥مین کۆنگرەی گەورەترین ڕیکخراوی ناحکومەتی جیهان، واتە ڕیکخراوی ئینتێرناسیۆناڵی سۆسیالیست دەستی بە کارەکانی کردو، وا بڕیارە تا ڕۆژی ٤ی مارس بەردەوام بێ. کۆنگرە بە درووشمی " بۆ دونیایەک لەسەر بنەمای یەکیەتیی و یەکسانی"، بە وتارێکی  لویس ئایالا سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە، کرایەوە.  "لویس ئەیالا" سکرتێری سۆسیالیست ئەنترناسیونال لەپێوەندی لەگەڵ ئاشتی و یەکسانی و کێشه‌ی تیرۆریزم لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، هەروەها باسێك لەسەر کێشەکانی نیوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئورووپا کرد و، بە ئاماژە بە لێک نیزێك بوونەوەی جوڵانەوەی "فارك" لەگەڵ دەوڵەتی کولۆمبیا، هیوای خواست کە ئاشتی و هێوری باڵ بە سەر هەموو جیهاندا بکێشێت و داوای سەرکەوتنی بۆ پڕۆسەی ئاشتی وڵاتی کۆلومبیا خواست. لۆیس ئایالا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا وتی: ئێمە لە ڕێکخراوی سۆسیال ئینتێرناسیۆناڵ بە گشتی پشتیوانی لە پەرە پێدانی  دێموکراسی و ئاشتی لە دونیادا دەکەین و هیچ کات حەز ناکەین دیوارێك لەبەینی گەلان دا دروست بێت، هەروەها هەوڵ دەدەین پێوەندی نێو گەلان پته‌وتربکەین. ئینجا سەرۆک‌کۆماری کۆلۆمبیا "خووان مانوئیل سەنتۆز" وتارێکی بەنرخی پێشکەش کرد کە تێیدا بەئاشکراو راشکاوانە پشتوانی لە پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی ٤٨ میلیون کەسەکەی کۆلۆمبیا کرد. هەروەها باسێکی تێروتەسەلی لەبارەی هەلومەرجی ئێستای کۆلومیبا و بەتایبەت پەیوەندیەکانی لەگەڵ دراوسێکانی وڵاتەکەی هێنایە بەرباس. دوای کۆتایی وتەکانی، خەڵاتی ئاشتی تایبەتی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست، لە لایەن سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیەوە درا بە بەڕێز خووان مانوئیل سەنتۆز، سەرۆک کۆماری کۆلۆمبیا، بۆ قەدر زانی لە پەیوەندی لەگەڵ دەستپێک و درێژەی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەی. بە دوای ئەودا، "جۆرج پاپاندرۆف" سەرۆکی سۆسیالیست ئەنترناسیونال، وتەیەکی پێشکەش کردو، ئاواتی خواست کە ئاشتی و هێوری باڵ بە سەر هەموو جیهاندا بکێشێ و شەڕ و کوشتار کۆتاییان پێ بێ. بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاری ڕۆژی یەکەمی ٢٥مین کۆنگرەی سۆسیال ئینتێرناسیۆناڵ تەرخان کرا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و سکرتێر و جێگرەکانی ئەو ڕێکخراوەیە. لەو به‌شەش‌دا  "پاپاندرۆف" وەک سەرۆک و"لویس ئایالا" وەک سکرتێر دەست نیشان کرانەوە و هاوکات  مام جەلال تاڵەبانی و چەند کەسی دیکە وەک سەرۆکی فەخری ڕێکخراوی جیهانی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست دیاری کرانەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە هاوڕێ مەولوود سوارە نوێنەری حیزب لە "ئیس ئای" نامیلکەیەکی لەپێوەندی لەگەڵ تەقینەوەکەی شەوی یەلدا،ی بەردەرگای سکرتاریای حیزب و هەروەها چەندین پۆستری کۆلبەرانی کوردی پێشکەشی سەرۆک کۆماری کۆلۆمبیا جووان مانوئیل سەنتۆز براوەی جایزەی ئاشتی نوبێل،و جۆرچ پاپاندرۆف سەرۆکی سۆسیالیست ئەنترناسیونال، و لویس ئەیالا سکرتێری سۆیسالیست ئەنترناسیونال و، جێگرەکانی ئێس ئای و هەورەها بەشێکی بەرچاو لە بەشدارانی ئەو کۆنگرەیە کرد. بەشی کۆتایی رۆژی یەکەمی کۆنگرە ئێوارەخوانێك بوو کە لەلایەن پارێزگاری کارتەگێنا بۆ مێوانانی "ئیس ئای" رێکخرابوو. لە پەراوێزی ئەو ئێوارە خوانەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەدا کە پێکهاتبووە لە هاوڕێیان خالید عەزیزی ئەندامی ڕێبەری، مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئێس ئای و کامران باڵنوور نوێنەری حیزب لە ئەمریکا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە نوێنەری وڵاتان، حیزب و ڕێکخراوە جیهانییەکانی بەشداردا دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک‌هێنا و، سەبارەت بە دۆخی کورد و کوردستان بە گشتی و ڕەوشی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی قسە و باسیان لەگەڵ کردن  و ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان کرد. جێگەی باسە کە دەیان نامیلکە سەبارەت بە کورد و بە تایبەت کۆڵبەرانی کوردستان بە سەر بەشداران‌دا ، بڵاو کرایەوە و هاوکات لە سەر مێزی سەرەکی کۆنگرە دانرا، کە سەرنجی زۆربەی بەشدارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.