کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڤیدیۆ سیمینارێک بۆ باس لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران

18:04 - 14 رەشەمه 2716

کۆمیسیۆنی فێرکردنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڤیدیۆ سیمینارێکی بۆ دوکتور حەسەن نایب هاشم، چالاکی مافی مرۆڤ نیشتەجێ لە ئەتریش پێک‌هێنا. لەو ویدیۆ سمینارەدا کە ڕۆژی شەممە،  ١٤ی ڕەشەممە بە بەشداریی ژمارەیەکی دیاریکراو لە کەسانی چالاک لە بواری مرۆڤ‌دا پێک‌هات، سه‌ره‌تا دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده‌، له‌ وته‌یه‌کی کورت‌دا باسێکی له‌ که‌سایه‌تی و بواری تێکۆشانی دوکتور حه‌سه‌ن نایب‌هاشم کرد و دواتر دوکتور حەسەن نایب هاشم قسه‌کانی به‌ باسێک له‌ پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بەهۆی کۆماری ئیسلامی ده‌ست پێکرد. ئەو چالاکە دیارەی مافی مرۆڤ لە درێژەی باسەکەی‌دا باسی لە مکانیزمەکانی کار لە شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چارتەکانی ئەو ناوەندە کرد. چۆنیەتیی کار و پێوەندی لەگەڵ بەشی ڕاپۆرتنێرە تایبەتییەکان، کۆنڤانسیۆن و کۆبوونەوە و ڕاپۆرت‌دانەوەی بەشە جیاجیاکانی شووڕای مافی مرۆڤ چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکەی دوکتور حەسەن نایب هاشم بوو. پێشێلکردنی مافە نەتەوەییەکان، مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئێران و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی ئەو پرسە لە باس و کۆبوونەوە و بڕیارەکانی شووڕای مافی مرۆڤ و ناوەندە جیهانییەکانی دیکەی مافی مرۆڤ چەند باسێکی دیکە بوون کە دوکتور حەسەن نایب هاشم بە وردی قسەی لەسەر کردن. بەشی کۆتایی ڤیدیۆ سیمینارەکە بۆ پرسیار و سەرنجی بەشداران تەرخان کرابوو کە دواتر کۆڕگێڕ وەڵامی پرسیاری بەشدارانی دایەوە.