کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕۆژی دوویەمی ٢٥مین کۆنگرەی سۆسیالیست ئەنترناسیونال لە کۆلۆمبیا- کارتەگێنا

04:01 - 15 رەشەمه 2716

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، کاروباری ڕۆژی دووهەمی ٢٥هەمین کۆنگرەی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست لە کنفێنشن سەنتەر دەستی پێکرد. لە پانێلی یەکەمی دووهەمین ڕۆژی کۆنگرە دا سەرەتا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئێس ئای  لەسەر سیاسەتی حیزبەکانیان و ڕەوشی وڵاتەکانیان وتاریان  پێشکەش کرد. لەو بەشە دا هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزب و ڕیکخراوە کوردستانییەکان وتاریان پێشکەش کرد. سەعیدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ڕەوشی ناوچە، عێراق و باشووری کوردستان بە تایبەت باروودۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق کرد و داوای کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری کورد بکەن بۆ گەشتن بە ئامانجە لە مێژینەیان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆ، هاوکات بەڕزیان ئاماژەیان بەوە دا کە بە بێ کورد و بەشداری کورد لە بڕیار و ڕێکەوتنەکاندا، سەقامگیری و هیوری لەو ناوچە ئاڵۆزە و گرینگەی جیهان ئاستەمە. بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا وتی: یەکێک لەم خسڵەتانەی ئەم خێزانەی ئێمە سۆسیال دێموکراتەکان رێز گرتنە لە تێکۆشەرە دێرینەکان بۆ ئەوەی هەموو کەسێك بزانێت کە سەرکردەکانمان رێزیان پارێزراوە لەهەموو قۆناخەکانی ژیان وە ئەوە گەنجەکانیش تشویق دەکات بۆ بەشداری کردن لە بزووتنەوەیەکی ئایندە بەخش هەر بۆیە دوێنی کۆنگرەی ٢٥ی ئیس ئای بەرێز سەرۆك مام جەلال و هێندێك لەهەفالەکانی بەتێکرای دەنگ بەسەرۆکی فەخری ئیس ئای قبول کرد. خەباتی بێوچانمان وەخۆشەویستمان بۆ ئازادی گەلان بۆ سرینەوەی پاشماوەی کۆلۆنیالیزم و بەهێز کردن و قول کردنەوەی دێموکراسی بۆتە هۆی بوونمان بەئامانجی تیرۆریستان. لە ڕۆژی دووهەمی ٢٥مین کۆنگرەی ڕیکخراوی سوسیالی ئینتێرناسیۆناڵ، هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە کاروچالاکی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، جووڵەیەکی بێ وێنەیان بە تێکۆشانی گرووپی کوردی و حیزبی دا. هاوڕێ خالید عەزیزی ئەندامی رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پڕ ناوەرۆکی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد . هەر لە درێژەی کار و تێکۆشانی هاوڕێیانی حیزبی دا، ئەمرۆش بۆ جارێکی دیکە دەیان پۆستەری کۆلبەرانی کوردو هەروەها نامیلکەی کارەساتی شەوی یەلدای خوێناوی دێموکرات بە سەر ئەندام و بەرپرسانی لایەنە بەشدارەکانی کۆنگرە دا بڵاو کرایەوە کە لەنێویان دا دەکرێ ئاماژە بە: دوکتۆر هۆراسیۆ سێرپا سەرۆکی لیبرال پارتی (کۆلۆمبیا) هەروەها سەرۆکی فەخری ئێستای ئای، خاتوو ئوفا حاجی سەرۆکی ژنانی سۆسیالیست ئەنترناسیونال، خاتوو هێلا بێن جێگری سەرۆکی ژنان لە ئێس ئای بەشی مدیترانە باکوور و باشوور بکرێ. جێگەی باسە کە لە پەڕاوێزی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە دا، هەیئەتی حیزبی چاویان بە چەندین کەسایەتی بەشدار لەو کۆنگرەیە دا کەوت و لە نزیکەوە سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران لە ئێران و هەروەها دەستێوەردانی ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی قسە و باسیان کرد.   بەشی کۆتای رۆژی دووهەمی کۆنگرە ئێوارەخوانێک بوو کە لەلایەن لیبرال پارتی (کۆلۆمبیا) بۆ میوانانی ئیس ئای رێکخرابوو.