کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥مین کۆنگرەی ڕیکخراوی ئێس ئای، بە جێگیر کردنی خاڵێک دژ بە ئێران لە بڕیارنامەکەیدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا

19:39 - 15 رەشەمه 2716

٢٥مین کۆنگرەی ڕیکخراوی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا پاش چوار ڕۆژ کاری بەردەوام و باس و ڕاوێژ و پێشکەش کردنی دەیان وتار و بابەتی گرینگ، کۆنگرەی گەورەترین ڕیکخراوی غەیرە حکومەتی جیهان، ڕێکخراوی سۆسیال ئینتێرناسیۆناڵ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، بە ئامادە بوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەسڵی، جێگر و راوێژکارانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە لە شاری کارتەگینا،ی کۆلۆمبیا کۆببوونەوە دوایین وتار و بڕیارنامەی کۆتایی ٢٥مین کۆنگرەی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ پێشکەش کران. درووشـمی سەرەکیی ئەو کۆنگرەیە " بۆ دنیایەک لە سەر بنەمای یەکسانی" بوو. بە درێژایی ٣ کاری کۆنگرە، زۆرینەی ئەندامانی بەشداران وتار و بابەتی گرینگ و سەرنج ڕاکێشیان سەبارەت بە بارودۆخی وڵاتەکانیان و ڕەوشێ نالەباری جیهان، هەژاری و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێشکەش کرد. لە بەرنامەی کاری ڕۆژی سێیەمدا بەڕێزان ساڵح موسلیم لە پەیەدە، مەلا بەختیار لە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و عەزیز تاڵانی لە پارتی ئازاد کوردستان- سووریە وتاریان پێشکەش کرد. هاوکات بەڕێز خالید عەزیزی ئەندامی ڕێبەری و سەرۆکی هەیئەتی حیزب لەو کۆنگرەیە دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی تایبەتی کۆنگرەدا ڕێکخست کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک فەیسبووک و تویتەر و کاناڵی تایبەتی سەتالایت بۆ هەموو جیهان بڵاو دەکرایەوە. خالید عەزیزی لەو چاوپێکەوتنەشدا بۆ جارێکی دیکە هەوڵی‌دا سەرنجی خەڵکی جیهان و بینەرانی ئەو کاناڵە بۆ لای دۆزی رەوای کورد و پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی دژ بە کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە ڕابکێشێ. لەو کۆنگرەیە دا چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی بەشدار بوون و هەر یەکە و لای خۆیەوە هەوڵیان دا کە لە بابەت و وتارەکانیان دا سەرەنجی بەشداران بە لای دۆزی رەوای گەلەکەمان و داواکاری و ویستی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ڕاکێشن. ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانەی کە لە ٢٥مین کۆنگرەی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ دا بەشدار بوون بریتی بوون لە: لە رۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمەلەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەباشووری کوردستان یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان لە کوردستانی رۆژئاوا: پەیەدە پارتی ئازادی کوردستان – سووریە. هەیئەتی نێردراوی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشێ ڕۆژهەڵات، لە وتار و دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان دا هەوڵیان دا کە ئاگاداری زیاتر سەبارەت بە زەبر و زەنگی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەت مافی تاکی کورد لە کوردستانی بەشی ئێران و هاوکات دەستدرێژی و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕژیمە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دەورووبەر و پشتیوانی بەردەوامی لە تێرۆریستی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبووان بە باشی ڕوون بکەنەنەوە. هەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانەش بووە هۆی ئەوەی کە خاڵێک بۆ مەحکووم کردنی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆنگرە دا جێگیر بکرێ. لە ڕاگەیەندراوی کۆتای دا سەبارەت بە ئێران هاتووە: سۆسیالیست ئەنترناسیونالی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپی بارودۆخی مافی مرۆڤ و مافەکانی دێموکراتیك لە ئێران دەربری. هاوکات هەر چەشنە دووچاوەکی و هەڵاواردن دژی کورد محوکوم دەکاو پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە ئێران رادەگەیەنی. پێویست بە ئاماژەیە کە لە پەراوێزی کاری کۆنگرە دا هەیئەتی حیزبی توانیان لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراو و وڵاتانی بەشدار دا دیدار و چاوپێکەوتن ڕێکخەن و باس و ڕاوێژیان لەگەڵدا بکەن. جێگەی باسە کە هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٢٥مین کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست پێک هاتبوون لە هاوڕێیان خالید عەزیزی ئەندامی ڕیبەری حیزب، مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست و کامەران باڵنوور نوێنەری حیزب لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا.