کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە پێشەوا قازی محەممەد و سەرکردە مستەفا بارزانی لە شاری زوریخ

14:27 - 16 رەشەمه 2716

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، هەیئەتێکی کۆمیتەی ناوچەی زوریخی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس، لە سەر بانگهێشتی گرووپی ئارارات بەشداری ڕێوڕەسمێکیان کرد کە بۆ ڕێزگرتن لە هەردووک سەرکردەی مەزنی گەلەکەمان، پێشەوای مەزنی کورد قازی محەمەد و ژنڕاڵ مستەفا بارزانی پێک هێنرابوو. لەو ڕێورەسمە دا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانشیتووی ئەو دەڤەرە تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب وپاراستنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان بەرنامەکە دەستی پێکرد. پاشان پەیامی ڕێکخەرانی بەرنامەکە و بە دوای ئەویش دا پەیامی حیزب و ڕێکخراوە بەشدارەکان خوێندرایەوە. لەو بەشە دا پەیامی کومیتەی سویس،ی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ خسرەو مستەفانژاد، ئەندامی کومیتەی گشتی حیزبەوە خوێندرایەوە. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا فیلمێکی دیکومێنتاری لە لایەن هاوڕێ ئەحمەد ڕەسووڵی بەرپرسی کومیتەی زووریخ،ەوە کە پێشتر لە لایەن کوردکاناڵەوە لە سەر پێشەوای قازی محەممەد ئامادە کرابوو، نیشانی میوانان درا.لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە دا چەندین سروودی شۆڕشگێڕانە پێشکەش کرا. پێویست بە ئاماژەیە کە گرووپی ئارارات کە ڕێکخراوێکی کلتوورییە و لە هەر چوارپارچەی کوردستان تێیدا ئەندامن، وەک نەریتێکی ساڵانە، لە مانگی مارس دا یادی هەردووک سەرکردەی مەزنی کورد پێشەوا قازی محەممەد و سەرکردەی شۆڕشگێڕی کورد ژنڕاڵ مستەفا بازرانی دەکاتەوە.