کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمیناری ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە هەولێر بە بۆنەی ٨ی مارس

01:36 - 18 رەشەمه 2716

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، سێمینارێکی هاوبەشی لە ژێر ناوی "یەکدەنگی ژنان،یەکەم هەنگاوە بۆ مسۆگەر بوونی مافاکانمان"، بەڕێوەبرد. لەو سیمینارەدا کە ڕۆژی سێ شەممە،١٨ی ڕەشەممە، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی ژنان و کەسایەتیی دیاری حیزبەکان لە هەولێر پێک‌هات، دوای راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەت ئەو ژنە شەهیدانەی کە سەریان لە پێناو ئازادیی ژنان و بزوتنەوەی نەتەوەیی داناوە،پەیامی هاوبەشی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن سوهەیلا قادری، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوە. لە سەرەتای ئەو پەیامەدا هاتبوو کە رۆژی 8ی مارس بووەتە رەمزی خەبات و مافخوازی ژنانی ئازادیخوازی سەرتاسەری جیهان و پیویستە هاوكات وێڕای پیرۆزراگرتنی ببێتە رۆژی بەڵێن تازەكردنەوەی رێبوارانی ئەو خەباتە دژوارە و دەرفەتێكیش بێ بۆ هەوڵدانی زیاتر بە تایبەت لە پێناو ئاشكراكردنی جەوهەری دژە ژن و دژە مرۆیی كۆماری ئیسلامی. لەو پەیامەدا بە ئاماژە بەوەی کە ئەمساڵیش لە ئێران ساڵێكی پر لە توند و تیژی و نەهامەتی بوو بۆ ژنان، باس لە پەسەندكردنی گەڵاڵە و یاساگەلی دژە ژن، گرتن و ئەشكەنجەدانی ژنان، بەرتەسككردنەوەی مەیدانی چالاكی بۆ سەرجەم بزوتنەوەكان بەتایبەت بزوتنەوەی ژنان، بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوژیی ژنان، بەرزبونەوەی رێژەی توشبووان بە مادە هۆشبەرەكان و جنسیەتی كردنی زانكۆ و شوێنی كار و دەیان یاسا و پەسەندكراوی ناپسەندی دیكە کرابوو كە دیاریی نگریسی كۆماری ئیسلامین و زەرف و مەیدانی خەباتی ژنانیان زیاتر خستوەتە گوشارەوە. لەو پەیامەدا هاوکات باس لەوە کرابوو کە سەرەڕای بەردەوامیی ئەو گوشار و بەربەستانە لەبەردەم بزوتنەوەی ژنان، بەڵام سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیتوانیوە بەر بە گەورەتر بوونەوەی بیری ئازادیخوازی ژن بگرێ. لە بەرنامەی کاریی سیمینارەکەدا و لە سێ پانێل دا سێ باس لەسەر پرسی ژنان پێشکێش کران. لە یەکەم پانێل‌دا فاتمە عوسمانی، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی کردەوە لە ژێرناوی "خەسارناسی بزوتنەوەی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان". ناوابراو بە ئاماژەکردن بە خەباتی چەند ساڵەی ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هاتنە نێو مەیدانی ژنان لە خەبات‌دا، ئاماژەی بە چەند هۆکارێک کرد کە کاریگەرییان لەسەر بزوتنەوەی ژنان بووە. بەڕێزیان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەلومەرج و باردوخی دژواری کوردستان وایکردوە ژنان بەشێک لە توانا و وزەیان تەرخان بکەن بۆ بزوتنەوەی نەتەوەیی و هەروەها لە نەبوونی بزووتنەوەیەکی رێکخراوی ژنان‌دا، ژنان سەرەرای هەڵسووڕانیان لە زۆر بواری ئەدەبی و ژینگەیی و فەرهەنگی‌دا، کەچی بەهۆی دید و روانین و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە بزووتنەوەکەی خۆیان لە پانتاییەکی بەرینتردا بە ڕێکخستن بکەن. سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی باسەکەیدا کلێشەیی بوونی چالاکییەکانی رێکخراوەکانی ژنان و خۆدەربازنەکردنی ژنان لە باوەڕە سوننەتیەکان و نەبوونی هاودەنگی و یەکگرتوویی ژنان بە کۆمەڵە هۆکارێکی سەرەکی دانا کە کاریگەریان بووە لەسەر بزوتنەوەی ژنان لە رۆژهەڵات. لە پانێلی دووەمی سیمینارەکەدا خاتوو فەریبا محممدی،سکرتێری رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی "ئاوڕدانەوەیەک لە سیاسەتی حیزبەکان بەرامبەر بە پرسی ژن"دا پێشکێش کرد. خاتوو فەریبا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی ژن تەواو پرسێکی سیاسیە و نابێ چاوپۆشی لێ بکرێ و حیزبەکان دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان لەسەر هەموو پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ژنان هەبێ. بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا بە ئاماژە بە مێژووی چەند ساڵەی خەباتی ژنان و جێگە و پێگەی ئەوان لە حیزبەکان‌دا بە دیدێکی رەخنەگرانەوە سەیری ستاتوی ژنانی لە حیزبەکاندا کرد و پێی وابوو کە پرسی ژن لە پەراوێزترین پرسەکانە و رێژەی کەمی ژنان لە پۆستە ڕێبەرەیەکان و کەمکاریی حیزبەکان بۆ بارهێنانی ژنان، لەو رەخنانەن کە دەکرێ لێیان بگیرێ. دوایین پانێلی سیمینارەکەدا باسێک بوو لە ژێرناوی "ئەرکی رێکخراوەکان و چالاکیی ژنان" کە لەلایەن کەوسەر فەتاحی، ئەندامی ڕێبەریی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵاتەوە پێشکێش کرا. ناوبراو لە باسەکەیدا تیشکی خستە سەر بەشێک لە سیاسەت و قانوون و پەسەندکراوەکانی کۆماری ئیسلامی کە چەندە بەربەستە لەبەردەم ژنان. ناوبراو پێی وابووبە سەیر کردنی بارودۆخی ژنان لەو بارودخەی کە تێیدان لە ئێران بروانینە بزاتنەوی ژنان و داهاتووی ئەو بزووتنەوەیە. بەرێزیان لە درێژەی باسەکەیاندا رەخنەی گرت لە روانینی بەشێک لەو کەسایەتی و حیزب و لایەنانەی کە هەوڵ دەدەن لە دەورو ڕۆڵی ژنان کەم بکەنەوە و لە هەمان کاتدا ئەو ژنانەش کە نەیانتوانیوە بە بیری ژنانەوە لەسەر کارو ئەرکەکان شوێندانەر بن.ناوبراو رێکخراوەکان و چالاکانی ژنی لەم پەیوەندیەدا ئەرکدار کرد، کە دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لە گرینگی دان بە پرسی ژن و گۆڕینی دیدو ڕوانینەکانی کۆمەڵگا لەسەر ژن. لە بەشێکی دیکەی ئەو سیمینارەدا بەشێک لە ئامادەبووان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر باسەکانی سمینارەکە هینایە بەر باس کە دواتر لە لایەن کۆڕگێرەکانەوە وەڵام درانەوە. شایانی باسە کە ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە ٥ رێکخراوی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە کە بریتین لە: رێکخڕاوی ئافرەتانی خەباتی کوردستان، ئاسۆی ژنی کورد، یەکیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات و یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران.