کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز راگرتنی ٨ی مارس لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە

20:51 - 18 رەشەمه 2716

سەرلە بەیانی رۆژی چوار شەممە ٨ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی  یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان بەڕێوەبرد. سەرتای سمینارەکە  بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەی گیانی خۆیان لە پێناو دەستەبەر کردنی مافەکانی خۆیاندا کردە قوربانی راگەیەندا  .پاشان لە لایەن خاتوو تریفە ئەحمەدی  بەڕێوەبەریی سمینارەکەوە  بە خێرهاتنی بەشداران کراو و کورتەیەک لە مێژووی ٨ی مارس پێشکەش کرا. لە بڕگەی یەکەمی کاری سمینارەکەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو تامان چووکەڵیەوە پێشکەش کرا . لە بەشیکی ئەو پەیامەدا هاتبوو: خەبات بۆ ئازادی و وەدیهاتنی دادپەروەری و رێز گرتن لە بەها  مرۆڤایەتیەکان مێژوویەكی دوور و درێژ، پر كەند و كۆسپ و پڕ لە گیانفیدایی و قوربانیدانی هەیە، لەو نێوانەدا  خەباتی ژنان بۆ وەدستهێنانی سەرەتاییترین مافەكان و پێكهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان بۆ ژن و پیاو، گەلێك لاپەرەی زێرینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كردووە.  یەكێك لەو رۆژە مێژووییانەی كە ژنان بە گشتی و پیاوانی پێشكەوتوو و هەڵگری بیری نوێخوازی، لەچوارچێوەی خەباتی ژنان لە پێناوی سەربەستی و یەكسانیدا بەرزی دەنرخێنن، رۆژی 8 مارس، رۆژی جیهانی ژنانە . بە دوای پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان پانێلی سمینارەکە ،کە لە لایەن خاتوو عیسمەت نستانی  کەسایەتی دیار و چالاکی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا . خاتوو عیسمەت لە پانێلەکەیدا کە لەژێر ناوی" جەنگ و هەوڵە یاساییەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بۆ پاراستنی ژنان " بە شێوەی زانستیانەو بە پشتبەستن بە بەڵگە نێونەتەوەییەکان بۆ ئامادەبووان دوا. خاتوو عیسمەت نستانی لە سەرەتای باسەکەی ‌دا بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی شەڕ و ملمانێیە سەربازییەکان‌دا کە هەمووکات ژنان و منداڵان زیاترین قوربانیانی شەڕەکانن  دەسپێکرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی لە وتەکانی‌دا  رایگەیاند ؛کەسەرەڕای پەسەند کرانی چەندین گرێبەستی نێونەتەوەیی لە سەر پاراستنی گیان وکەرامەتی ژنان لە کاتی هاتنە ئارای شەڕ وجەنگەکان‌دا، بەڵام تاکوو ئێستا بە پێی پێوێست جێبەجێ نەکراون. ناوبرا بۆ گەیاندی مەبەستی خۆی لەوبارەوە لە  شەڕەکانی ئەم دواییانەی وڵاتانی چچن و عێراق نموونەی هێناوەو بەتایبەتی ژنانی کوردی ئیزەدیی بە قوربانیانی شەڕو نەپاراستنی گیان و کەرامەتی ژنانی کوردی لە کاتی شەڕو ململانێیە سەبازییەکان لە قەڵەم ‌دا. خاتوو عسمەت نستانی لە درێژەی قسەکانی‌دا پەڕژایە سەر ئاسەواری جۆراوجۆری شەڕەکان، بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەتی ژنان ، لەوبارەوە  گوتی؛ هەمووکات قورسایی شەڕو جەنگەکان کەوتوەتە سەر شانی ژنان و لەچەندین رەهەندەوە زیانیان وەبەرکەوتووە و هەروەها رێککەوتنە نێونەتەوەییەکان وێڕای پێداگریی کردن لەسەر پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەتایبەتی ژنان داواکارن کە تەنانەت لە کاتی دانوستانەکانیش‌دا دەبێ ژنان بەشدار بن. دوایین بڕگەی کاری سێمیناری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان بە بۆنەی ٨ی مارس دەستخۆشی بوو لە ئەندامێکی ئەو یەکیەتییە بە ناوی نەسرین یوسفزادە کە لەم دواییانەدا کتێبێکی لە ژێر ناوی کۆڵانەکەمان نووسیبوو. لەو بڕگەیەدا یەکیەتیی ژنان وێڕای پیرۆزبایی لەو خاتوونە هیوای خواست کە ژنانی کورد زیاتر لە بوارە جیاجیاکان‌دا هەوڵ بدەن خۆیان پێبگەێنن و دەورو رۆڵی بەرچاویان هەبێ.