کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی یەکیەتیی ژنانی دیموکرات لە سیمیناریک تایبەت بە ٨ی مارس لە شاری ڕانیە

19:50 - 19 رەشەمه 2716

زانکۆی ڕاپەڕینی شاری ڕانیە لە رۆژی ٨ی مارسی ٢٠١٧بەرانبەر بە رۆژی چوارشەممە ١٨ی رەشەمە، بە بۆنەی ٢٦مین ساڵیادی ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان کە ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ ٨ی مارس واتە رۆژی جیهانیی ژنان سیمیناریکی لە ژێرناوی ژن لە شۆڕش و،ڕاپەرینەکانی کورددا، پێک‌هێنا. ئەوسیمینارە کە بە هاوکاری زانکۆی ڕاپەڕین و رێکخراوی کچانی کتێب بەڕێوەچوو، بۆ ماوەیەی چەند کاتژمێر بەشێک لە ژنانی چالاکی نیو ریزەکانی شۆرش و خەباتی هەرچوارپارچەی کوردستانی لە دەوری یەک کۆکردەوە. خاتوو شلێر مەحموودی نوینەری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان و جێگر سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە یەکێک لە بەشداربووانی ئەو سیمینارە بوو. شلێر مەحموودی بە بابەتێک لە ژێر ناوی مافەکانی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پێوەندی بەیاساکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لەو سیمینارەدا باسەکەی خۆی بە مێژووی هاتنە مەیدانی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکیی رێکخراوەیی کە لەسەردەمی کۆماری کوردستان وەک بەڵگەیەکی زێڕین تۆمار کراوە دەسپێکرد. دواتر خاتوو شلێر بە هێنانەبەرباسی دۆخی ئێستاکەی ژنانی کورد لە بن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشێلکرانی مافەکانیان و هەبوونی چەندین ماددە یاسایی دژە ژن لە ئێران، لایەنەکانی ئەو گرفتەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. بەشێکی دیکەکەی وتارەکەی خاتوو شلێر مەحموودی تەرخان کرابوو بە ئاوردانەوەیەک لە دەور و رۆڵی فیداکارانەو ئاکتیڤی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەو پارچەیە لەکوردستان، بەتایبەتی لەسەروبەندی شۆرشی گەلانی ئیران بەملاوە کە ژنان بۆ سەرخستنی نەتەوەکەیان لەهەموو بوارێک‌‌دا بە پێی تواناو ڕێگەپێدان بەشدارییان کردوەو، ئێستاشی لە گەڵ بێ هەربەردەوامن. لە بەبڕکەیەکی دیکەی ئەو سیمینارەدا، لە گفتوگۆیەکی ئازاد، چەند کەس لە ئامادەبووان وبەشداربووان ڕابۆچوونی خۆیانیان خستەڕوو. لە کۆتایی‌دا لە لایەن قایمقامی شاری ڕانیە، بەسەر چەند کەس لە ژنانی چالاک و بەشداربوو لەو سیمینارەدا خەڵات و لەوحی ڕێزلێنان بەخشرا.