کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەشداری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان و ژنانی چالاکی چەندین نەتەوەی دیکە لە نۆڕوێژ، رێز لە رۆژی نێونەتەوەیی ژنان گیرا

16:40 - 21 رەشەمه 2716

رۆژی چوارشەممە شەممە، ٨ی مارسی٢٠١٧ی زایینی، لە ساڵۆنی کولتووریی شاری "لیللەسترۆم"ی وڵاتی نۆڕوێژ و لەژێر چاودێریی شارەوانیی "شێشمۆ" و بە بەشداری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی کولتوریی کوردی و چەندین نەتەوەی جیاواز، رێز لە رۆژی نێونەتەوەیی ژنان گیرا و بەم بۆنەوە رێوڕەسمێک بەڕێوە چوو. سەرەتا لەلایەن خاتوو "مریام ناییم" بەڕێوەبەری بەرنامەکەوە، بەخیرهاتنی ئامادەبووان کرا. دواتر "نینا لانگفێ" بەرپرسی بەشی کولتوریی شارەوانیی "شێسمۆ" و ئەندامی دەستەی بەڕێوەی جێژنی ٨ی مارس، باسێکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جێژنەکە و هۆکاری رێزگرتن لەو رۆژە نێونەتەوەییە و چۆنیەتی کارکردن لە شارەوانیی "شێسمۆ" کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: "رۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا زۆر بەنرخ و بەرچاوە، بەڵام ئەوە بەو مەعنایە نییە کە ئێمە بە تەواوی مافەکانمان گەیشتووین. رەنگە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ژن کێشەی نەبێ، بەڵام من دەڵێم بە تەواوی بە مافەکانی خۆمان نەگەیشتووین، مەبەستم تێکڕای ژنانی جیهانە و بەتایبەت ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا دەبینین کە ژن زوڵمی لێ دەکرێ." پاشان خاتوو "فاتەن مێهدی" باسێکی لەسەر باوەڕبەخۆبوون و هاتنەمەیدانی ژنان لە ژیانی رۆژانە و کاری هاوبەشدا پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا، خاتوو "شاکیلا ئەشرافی" لەسەر ٨ی مارس و ئاکامەکانی، خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و سیستەم و کولتوری جیاواز دوا و لە بەشێک لە باسەکەیدا هاتبوو: "ئێمەی ژن بە چەساوەیی لەدایک نەبووین. ئێمە دەبێ بۆخۆمان هیممەت بکەین و بێینە مەیدان و بیسەلمێنین کە منی ژنیش وەک تۆی پیاو خاوەنی خۆمم و خاوەنی بڕیاری خۆمم." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە: "ئێمەی ژنی خاریجی کە هاتووینە ئورووپا، ئێستاشی لە گەڵ بێ زۆربەمان باوەڕمان بەخۆمان نییە. دەبێ چ بکەین تا ئەم کولتور و بیرە تەسکە لەناو خۆماندا بکوژین؟" دوابڕگەی ئەو رێوڕەسمە، شایی و میوزیکی هاوبەشی هەموو نەتەوە جیاوازە بەشداربووان بوو کە لە لایان ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا و جێگای سەرنج بوو. شایانی باسە ئەوە پێنجەمین ساڵە کە یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان وەک یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی رۆژی نێونەتەوەیی ژنان بەشداریی چالاکانەی هەیە. جێگای ئاماژەپێکردنە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکێتی ژنان و کۆمەڵەی کولتوریی کوردی، بەشداری جێژنی ٨ی مارس بوون.