کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی سمیناری ٨ی مارس لە وڵاتی فینلاند

20:07 - 22 رەشەمه 2716

بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژنان، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند بە سەرپەرەستی بەرێوەبەری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتی ژنانی دێموکرات لە وڵاتانی سوئێد و نۆروێژ رۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی مارشی ٢٠١٧ی زایینی، سمینارێکی لە شاری تورکۆ،ی وڵاتی فینلاند بەرێوە برد. سەرتا سمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان بە تایبەت شەهیدانی ژنانی یەکسانی خواز دەستی پێ کرد. ئینجا لە لایەن بەرێوەبەری سمینارەکە خاتوو نەشمیل رەحیمپور بەخێرهاتنی میوانان و بەشداران کرا و ریزبەندی بەرنامەی کاری سمینارەکەی راگەیاند، لە برگەی یەکەمی سمینارەکە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە فینلاند لە لایەن بەرپرسی کۆمێتە وەستا رەحمان پێشکەش کرا، لە بەشێکی ئەو پەیامەدا وێرای ئاوردانەوە لە مێژوی دیاری کردنی رۆژی نێونەتەوەیی ٨ی مارس، هاتبوو: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای پیرۆزبایی ئەو رۆژە مێژوویە لە هەموو ژنان بە تایبەت ژنانی یەکسانی خوازی گەلی کورد، هاتنی ٨ی مارس بە دەرفەتێک دەزانین بۆ پشتیوانی کردن لە داخوازە ڕەواکانی بزوتنەوەی یەکسانی خوازی لە کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو کات و بە تایبەت لە بەرە بەری ٨ی مارس دا وەبیر هەموو تێکۆشەر و ئەندامان و تێکرای رێکخراو و دامەزراوەکانی خۆی دێنێتەوە کە هاوبەشی لە خەبات و تێکۆشانی یەکسانی خوازانە و پشتیوانی لێکردنی، ئەرکێکی گرینگە لە حیزبەکەماندا. دوبەدوای پەیامی کۆمیتە سمینارەکە لە سێ پانێلدا بەرێوە چوو. پانێلی یەکەم  باسێک بوو لە ژێر ناوی کاریگەری سترێس و فشارە دەروونییەکان لە سەر تەندروستی کە لە لایەن دوکتور سۆزان فەتحی،یەوە پێشکەش کرا.. پانێلی دووهەم  باسێک بوو لە سەر ئاستی چالاکی و بزواتی ژنانی رۆژهەڵات پاش ٧١ساڵ لە دامەزرانی ڕێکخراوی ژنان لە کوردستان کە لە لایەن خاتوو شەهین زادئەحمەد بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کرا. پانێلێ سێهەم باسێک بوو لە پێوەندی بەرستەکانی سەر رێگای خەباتی ژنان لە کوردستان کە لە لایەن مامۆستا عەزیز شێخانی،یەوە پێشکەش کرا. برگەی دووهەمی سمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشدارانی سمینارەکە ، لەو بەشەدا بەشداربووان زۆر چالاکانە پرسیار و تێبینی و سەرنجی خۆیان لە پێوەندی باسەکانی کۆرگێران هێنایە زمان. لە کۆتاییدا خاتوو سارا ئیبراهیمی وێرای سپاس و دەست خۆشی لە کۆڕگێڕ و بەشداران، بە نوێنەرایەتی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند چەپکە گولی رێز لێنانی بەخشیە کۆرگێران و ئەو کەسانەی ئەرک و زەحمەتی بەرێوەبردنی ئەو سمینارەیان وەئەستۆ گرتبوو. شایانی باسە کە نێوئاخنی بەرنامەکان بە دەنگە خۆشەکەی کیژۆڵەی هونەرمەند خاتوو ئەڤین ئەلیاسی رازایەوە کە جێژێکی تایبەتی بە سمینارەکە بەخشی .