کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێورەسمێک بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان لە واشنگتێنی پایتەختی ئەمریکا

23:59 - 23 رەشەمه 2716

بە بۆنەی ٨ی ماڕس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە واشنگتێن، ڕۆژی شەممە ١٠ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، ڕێوڕەسمێکی شکۆداری بۆ ئەم ڕۆژە بەڕێوەبرد. سەرەتا کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد. دواتر خاتوو نەسرین کەریمی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی کورتە شیعرێک کۆڕەکەی کردەوە و پەیامی یەکیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کوردستان هەر لە لایەن خاتوو نەسرینەوە خوێندرایەوە. دواتر دکتور ڕێبوار ڕەشید سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانیی کوردستان کە وەک میوان بانگهێشت کرابوو، وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. بەڕێزیان لە بەشێک لە وتارەکەی‌دا ئاماژەی بەوە کرد کە ژنی کورد دەتوانێ بەبێ ئەوەی هیچ پیاوێک پشتگیری بکا، سەربەرزانه‌  لە مافی خۆی و ئایندەی خۆی بڕوانێت و بیپارێزێ. پاشان بەڕێز کاک ناسر باباخانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ئەدەبی زارەکی کوردی یان فۆلکلۆر لێوڕێژە لە چەمکی دەسەڵاتدارێتی ژن لە ناو کۆمەڵگە و بنەماڵەدا و لەسەر ئەم بنەمایە لە ئێستاش‌دا دەبێ ژن وەک کۆڵەکەی سەرەکیی بنەماڵە دەوری تایبەتی خۆی لەسەر ئەساسی دەروەستی لە کۆمەڵگەدا بگێڕێ. ئەو وتی کە هیچ جیاوازییەکە لە نێوان ژن و پیاو بوونی نییە و خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیخوازی دەبێ هاوتەریب و هاوشانی یەکتر بڕۆنەپێش. لە درێژەی بەرنامەکەدا خاتوو هانا ڕەسووڵی پارچە غەزەلێکی مامۆستا عەبدولکەریمی ڕەسووڵی (بە نازناری ڕێبوار) بە ناوی "ژن" خوێندەوە کە باسی لە کەسایەتی و پێگەی ژن دەکرد. لەبڕگه‌یه‌کی دیکه‌دا خاتوو دڵنیا دادکوش بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانێک بە ناوی کورتە وڵامێک، دۆخی ژنان و کچانی ستەملێکراوی کوردی خستە بەر سەرنجی ئامادەبووان. مێهروو خانم باڵنوور بە خوێندنەوەی بابەتێک بە زمانی ئینگلیزی مێژووی ڕۆژی ٨ی مارسی و دەوری ژنانی باس کرد. ئارەزوو خانم ئەحمەدی بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانێک بە ناوی من ژنم درێژەی بە بەرنامەکە دا. پاشان مەهتاب خانم سەروەری قەسیدەیەکی پێشکەش کرد و بیرەوەرییەکی لە جۆری هەڵاواردنی کچ و کوڕ لە ڕابردوودا باس کرد و بەڕێز سامی ساڵەیی کورتە وتارێکی پێشکەش کرد. لە دوایین بەشی بەرنامەکەدا بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و زەحمەتی خانمەکان لە ماوەی ڕابردوودا کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکان‌دا دەوری سەرەکیان بینیوە لە لایەن بەڕێزان کاک کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزب لە ئەمریکا و کاک خەبات ئیبڕاهیمپوور بەرپرسی کومیتەی حیزب لەو وڵاتە سپاسنامەیەک و شاخە گوڵێکیان پێشکەش کرا. هەروەها بۆ ڕێز لە سەرجەم خانمەکانی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە کە وەک میوان لەوێ بوون شاخە گوڵێکی سووریان بە نیشانەی وەفا و پێزانین پێشکەش کرد. ئەوەی لەم ڕێوڕەسمەدا زۆر جێگەی سەرنج بوو بەشداری بەرچاوی خانمەکان بوو لە بڕگە جۆربەجۆرەکانی بەرنامەکەدا.