کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕیورەسمی پرسەی نووسەر و توێژەری ناودار مامۆستا محەممەدی مەلا کەریم

20:47 - 24 رەشەمه 2716

دوانیوەڕۆی ١٢ی مارسی ٢٠١٧، هەیئەتێک لە حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، جەلیل گادانی و قادر وریا،  لە شاری سلێمانی  لە مەجلیسی پرسەی کۆچی دوایی مامۆستا محەممەدی مەلا کەریم دا بەشدار بوون. هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە نزیکەوە هاوخەمی‌و سەرەخۆشیی ڕیبەری‌و سەرجەم تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان بە بنەماڵەی رەوانشاد مامۆستا محەممەدی مەلا کەریم ڕاگەیاند‌و  بە ڕێز‌و پێزانینەوە،  ئاوڕیان لە زیاتر لە پەنجا ساڵ دۆستایەتی‌و هاوپێوەندیی مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم‌و بنەمالەکەیان لە گەڵ حیزبی دیموکرات‌و ڕێبەرانی ئەم حیزبە دایەوە. هەیئەتی حیزب هەر وەها دووپاتیان کردەوە کە خزمەتەکانی نەمر محەممەدی مەلا کەریم لە پانتایی ئەدەبی کوردی‌و هەر وەها خزمەتەکانی مامۆستای کۆچکردوو‌و باوکی نەمری، زاناو ئەدیبی گەوەرە مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس لای حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و کوردی ڕۆژهەڵات، جێگا‌و ڕێزی تایبەتیان هەیە.  شایانی وەبیر هێنانەوەیە مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم کە ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو، ١٢ی مارس لە تەمەنی ٨٦ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد، کوڕی مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس بوو و بۆ خۆشی یەکێک لە ڕۆشنبیرە بە تواناکان‌و  یەک لە سیما  هەرە دیارەکانی مەیدانی نووسین‌و وەرگێڕان‌و توێژینەوەی ئەدەبی‌و فکری بوو. ئەو کەسایەتییە، هەر لە  سەرەتای حەفتاکانی سەدەی زایینیی ڕابردووەوە پێوەندییەکی دۆستانەی گەرمی لە گەڵ رێبەران‌و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا هەبوو و  لە پشتیوانی‌و هاوپیوەندی لە گەڵ ئەم حیزبە لە هیچ بارودۆخێک دا درێغی نەکرد. هەمیشەش شانازیی بە پێوەندیی خۆی لە گەڵ ئەم حیزبە  و ڕێبەرانی دەکرد.