کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هەیئەتی ڕێبەریی کۆمەڵە و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆبوونەوە

02:58 - 27 رەشەمه 2716

دوو هەیئەتی رێبەڕیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕات کۆبوونەوە. باسی سەرەکیی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە چی بکرێ خەبات و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتینتر بێ و پرسی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران‌دا ببێتە فاکتەر و بەڕۆژەڤ بکرێ. ڕۆژی پێنجشەممە، 26ی ڕەشەممە هەیئەتێکی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستیی  سەید ئیبراهیم عەلیزادە، دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازیی لێکرا. لەو دیدار و کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵە بابەتێکی سیاسیی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە ئێران و ناوچە وەک، ڕەوشی خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە کوردستانی ئێران، پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووڕاکانی شار و لادێ لە ئێران لە ساڵی دادێ، گوتار و سیاسەتی کابینەی نوێی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی، پرسی پێوەندیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕی داعش و باسی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان هێزە کوردییەکان‌دا تەوەری سەرەکیی ئەو باسانە بوون کە لەو کۆبوونەوەیەدا هاتنە بەرباس و ئاڵوگۆری بیروڕایان لەسەر کرا. هەیئەتی کۆمەڵە لە پێوەندی لەگەڵ باسە ڕۆژەڤەکانی ئێستای ئێران‌دا ڕای وابوو کە حاشا لە بوونی ناکۆکیی زۆر لە نێو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی‌‌دا ناکرێ، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی کراوە ئەوە بووە کە ئەو ململانێ‌یانە نەک بە قازانجی خەڵک نەشکاوەتەوە، بەڵکوو هەر بە سەر خەباتی خەڵکی ئێرانی داداوە. هەیئەتی کۆمەڵە هەر لەو پێوەندییەدا ڕای وابوو دەکرێ ناکۆکی‌یەکانی نێوا حاکمییەت بە قازانجی بزووتنەوەی کورد کەلکی لێ وەربگیردرێ، بەڵام بۆ ئەوە هەم دەبێ کورد خۆی لە نێوخۆیدا بەهێز بێ؛ هەم ئەوەی کە هەتا سپای پاسداران دەستێوەردانی سیاسەت بکا و بەهێز و یەکدەست بێ ئەو دەرفەت و بەستێنە بە زەحمەت دەست دەدا. لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمریکا و ئەگەری ڕوودانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ناوچە بەهۆی ئەو سیاسەتە، هەیئەتی کۆمەڵە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەگەرچی کورد دەبێ خۆی بۆ قۆستنەوەی هەر هەلێکی ڕەخساو بۆ گوڕوتین بەخشین بە خەباتەکەی ئامادە کردبێ و هێز و توانای خۆی بۆ ڕێکخستنێ، بەڵام بەو حاڵەش توند و تیژی نواندنەکانی تڕامپ و کابینەکەی لە دژی ئێران ناکرێ هەمووی هەر دەرفەت بێ، بگرە دەکرێ دژە دەرفەتیش بێ، بە تایبەت ئەوەی کە بوونی کۆماری ئیسلامی زەرەر و زیانێکی زۆری بۆ ئەمریکا نەبوە و بگرە لە سۆنگەی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی قازانجی زۆری کردوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا هەیئەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات پێی وابوو کە ناکرێ گرینگی فشاری دەرەکی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا لەبەرچاو نەگیردرێ، هەر بۆیەش بۆ قازانجی زیاتری پرسی کورد لە شوێنکاری ئەو گۆڕانکارییانە و بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئارایی ئێستا پێویستە کورد بیر لە دروستکردنی دێفاکتۆی مەیدانی بکاتەوە و هەلومەرج و بەستێن بۆ ئەو دۆخە خۆش بکا. هەیئەتی خانەخوێ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە سیاسەتی تڕامپ بەرەو ئەوە دەڕوا کە پاشەکشە بە سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچەدا بکا، ئەوەس ئەگەری کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە نێوخۆی ئێران‌دا زیاتر و بەهێزتر دەکا و هاوکات کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشەش‌ دەخاتە بەردەم پرسی کورد کە پێویستە هێزە کوردییەکان بە یەکیەتیی گوتار و کردەوە لە ئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. پرسی بە جەماوەری‌کردنی خەبات و پەرەپێدان بە ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە لەودا لایەنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە خوێندنەوەیەک بۆ دەرکەوتەکانی خەباتی مەدەنی لە ماوەی رابردوودا پێی وابوو کە، کار و چالاکی و تێکۆشانی سیاسی لەسەر هیچ لایەنێک و هەر بە تەنیاش لە سەر حیزبە سیاسییەکان تاپۆ نەکراوە، بەڵکوو ئەوە دەبێ ئەرکی گشتی و هەمووان بێ کە بە دروستکردن و قۆستنەوەی هەل‌و دەرفەتەکان، هەروەها بەکارهێنانی بەستێن و زەرفییەتەکان پرس و داوا سیاسی و مەدەنییەکان بهێندرێنە ئاراوە و بە دوویاندا بڕون. لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانیش‌دا هەیئەتی خانەخوێ ڕای وابوو کە ئەگەرچی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە ئێران بە هیچ شێوەیەک ئازاد و دێموکراتیک نین، بەڵام لەم ڕووەوە کە لایەنێکی ئەو پڕۆسێسە خەڵکە،  بۆیە پێویستە خەڵک لە هەل و بەستێنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن کەلک وەرگرێ و بە دوویدا بڕوا؛ حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش واباشە لەو پێوەندییەدا هەڵوێستی یەکگرتووانە و هاوبەشیان هەبێ. شایانی باسە لەو دیدارەدا کۆمەڵە بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە ئێران، هەرێمی کوردستان و پێوەندیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها کۆمەڵە باسێکی دوولایەنەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیست هاتنە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.