کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی نەورۆزی نەتەوەیی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرایەوە

20:56 - 30 رەشەمه 2716

خەباتکاران و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەور ئاگری مێژوویی نەورۆز، پەیمانی وەفایان لەگەڵ رێبازی مافخوازنەو شەهیدانی سوورخەڵاتی ئەو رێبازە، نوێ کردەوەو، بە یەکدڵی و یەکریزییەوە ئاوات خواز بوون کە بە هەوڵ وتێکۆشانی هەموو لایەک خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەر بکەوێ. پاشنیوەڕۆی رۆژی ٣٠ی رەشەمە بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و هاتنی نەورۆز لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئامادە بوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی، رێورەسمێک بەو بۆنەوە بەڕێوەچوو. سەرەتا ئەو ڕیورەسمە بە سروودی نەوەیی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ یادوناوی سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان دەستی‌پێکرد. دوای خوێندنی سروودێکی نەورۆزانە لە لایەن کۆڕی هونەرییەوە ، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوڕێ مستەفا مەولوودی پەیامێکی بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردیی پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئامادەبووان کرد. مستەفا مەولوودی وێڕای پیرۆزبایی کردن لە خەڵکی کورد بەگشتی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی خۆی و دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. لە پەیامەکەی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاتبووە؛ کە نەورۆز هەروەک سروشت تازە دەکاتەوە گیان و ورەیەکی تازەش وەبەر خەباتکارانی رێگەی ئازادی دەنێ و لە کۆنەوە نەورۆز رەمزی خەبات و تێکۆشان بەدژی سیستمی زۆڵم و ستەم بووە،ئێمەش لە ساڵی نوی لێبڕاوانەتر و دڵگەرمتر لە پێشوو، خەباتی خۆمان لە پێناوی دابینکردنی مافەکانمان‌دا بە دژی کۆماری ئیسلامی درێژە دەدەین. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ‌دا بە سەرەنجدان بە بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان ڕایگەیاند؛هەموو ڕێکخراوەکانی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات ودەرەوەی وڵات دڵنیا دەکەینەوە کە بە ئامادەیی تەواوەو رووبەرووی ئەو دۆخە سیاسییە دەبینەوەو لە هەرچەشنە ئالۆگۆرێک بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدان بە ئامانجەکانمان کەڵک وەردەگرین. هاوڕێ مستەفا مەولوودی لە درێژی پەیامە نەورۆزییەکەی‌دا بە خستنەبەرباسی پێوێستی خەباتی فرەچەشەن و وەبیرهێنانەوەی ئەوەکە هەلومەرجی لەبار هەبێ، پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ساڵانی پێشوو بۆ سەرخستنی ویستی سیاسی و نەتەوەیی پێوێست بکا لە خەباتی چەکدارییش کە یەکێکە لە شێوە خەباتەکان کەڵک وەردەگرن و لەوبارەوە بۆ دەسکەوتی زیاتر لەسەر هاوکاری وهاوشانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێداگریی کرد. دوای قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب، کۆڕی هونەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند گورانی و سروودی بە دەنگی هێمن کەریمی و گرووپی سروودی پێشمەرگەکان ، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد دواتر ئەو رێورەسمە بە ٧تابلۆی هەڵپەرکێی کوردیی بە ڕاهێنەری عەبدوڵڵا سادقی ڕازایەوە گشتێک بەناو گورانی کوردی، بە هونەرمەندی رێبوار حسێنی و ئارام ئیزدپەنا و هەڵپەرکێی گشتیی بڕگەی کۆتایی ئەو ڕیورەسمە بوو. شایانی باسە ئێوارەی رۆژی ٣٠ی رەشەمە ئاگری نەورۆز لە بنکەکانی ئامیریەو زەوی سپی کرایەوە.