کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ناوچەی ئۆسلۆ ئاکەشوس، بە شایی و هەڵپەڕکێ پێشوازی لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کرا

17:05 - 2 خاکەلێوه 2717

ئێوارەی هەینی ١٧ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، لە لایەن یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتە ناوچەی "ئۆسلۆئاکەشوس"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتوریی کوردیی "رۆمەریکە" لە نۆڕوێژ، بە بۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی ٢٧١٧ ی کوردییەوە، رێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ کوردانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە بەڕێوە چوو. سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە بەرێزان "رۆیا مەعرووفی" و "حەسەن بێورانی"یەوە بەخێرهاتن و پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە بەشداربووان کرا و بەرنامەکان بە سروودی دوژمن شکێنی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی کومیتەی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمیتە ناوچەی "ئۆسلۆئاکەشوس"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی "رۆمەریکە" لە نۆڕوێژ بەم بۆنەوە، لە لایەن خاتوو "مەحبووبە رەحیمی بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرا. لە بەشێک لە پەیامەکەی بەڕێزیاندا هاتبوو: "نەورۆز لەگەڵ ئەوەیدا دەستپێکی ساڵی نوێ و نوێبوونەوەی سرووشت و کۆتایی وەرزی سەرما و سەخڵەتە، هاوکات بۆنەیەكی نەتەوەیی و لەمێژینەی گەلی كوردە كە وەك ناسنامە و سامانێکی نەتەوەیی بۆمان ماوەتەوە و هیچ یەك لە دوژمنانی نەتەوەكەمان نەیانتوانیوە ئەم ناسنامە نەتەوەییەمان لێ بستێننەوە، یاخود كەمڕەنگی بكەنەوە و بووەتە رەمزی گەشانەوە، ژیانێکی نوێ، تەبایی و یەكگرتن و سەرهەڵدان. بووەتە رەمزی سەركەوتن بەسەر تاریكی و هەڵهاتنی خۆرەتاوی ئازادی و رزگاری و رەمزی شەكاندنی بەستەڵەكی دیكتاتۆریی و لەئامێزگرتنی بووکی بەهار." بەڕێزیان هەر لە درێژەی پەیامەکەیاندا گوتی: "ئەمساڵیش لە کاتێکدا رێز لە ساڵی نوێ و نەورۆزی نەتەوەییمان دەگرین، کە بەداخەوە دەستەڵاتی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران هەروا باڵی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە. گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی هەروا درێژە بە خەبات دەدات و لەسەنگەری بەرگریدا سەربەرزانە ماوەتەوە و لەولاشەوە زەبر و زەنگەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەکەمان هەروا لە پەرەسەندن دایە. رۆژ نییە رۆڵەی کورد لە چاڵە رەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، یان هەر وەک دەبینن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان نەبنە قوربانیی دەستی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانیان لێ نەستێندرێ. گوتیشی: "ئێمە لەم بۆنە پیرۆزە و لەو رۆژە نەتەوەییەدا پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەروا شێلگیرانە تا گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەین. بەدڵنیاییەوە ئایندە بۆ نەتەوەکەمانە و خەباتی نەپساوەی تێکۆشەرانی کورد، بەهاری ئازادی و بەختیاری بەدوای خۆیدا دێنێ." هەر بەدوای ئەودا، سرودی نەتەوەیی نەورۆز لە لایەن کۆمیتەی ئامادەکاری جێژنی نەورۆزەوە پێشکەش کرا. ئەوجار بەڕێز کاک "هاشم رۆستەمی" تێکۆشەری ناو ڕیزکانی ح د ک بە تێروتەسەلی لەسەر نەورۆز و جامانە، روانگەی کورد بۆ نەورۆز و پیرۆزیی ئەو رۆژە بۆ کورد، بۆ ئامادەبووان دوا و کۆمەڵێک بابەتی نوێی لەو پەیوەندییەدا خستە ڕوو. دواتر شاعیری ناسک هەست و نووسەر بەڕێز مامۆستا "پەیمان مێهدیزادە" بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانێکی نەورۆزی چێژێکی تایبەتی بەو رێوڕەسمە بەخشی. بەدوای ئەودا تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان کاک "عەبدوڵڵا خزرنیا" ناسراو بە "شەقاس"، حەیرانێکی خۆش و دڵرفێنی کردە دیاری نەورۆزی و لە لایان ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا. دوایین بەشی رێوڕەسمی نەورۆزی، بەدەنگی خۆشی هونەرمەندان "نیاز شەیدا" و "رەوەند ئازاد میرانی" رازایەوە کە وێڕای هەڵپەڕکێی کوردی، هەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەشەو درێژەی هەبوو.