کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای "ئۆستفۆڵد"ی نۆروێژ، رێز لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز گیرا

17:23 - 2 خاکەلێوه 2717

لە پارێزگای "ئۆستفۆڵد"ی نۆروێژ، رێز لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز گیرا بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی ناوچەی ئۆسفۆڵد، رێوڕەسمیکی بەشکۆی بەڕێوە برد. رۆژی شەممە ٢٨ی رەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە و چەندین میوانی نۆڕوێژی، بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی ناوچەی ئۆسفۆڵد، رێوڕەسمیکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" دەستی پێکرد. ئەوجار خاتوو "کانی کەریمییان" بەڕێوەبەڕی رێورەسمەکە وێڕای بەخێرهاتن‌کردنی ئامادەبووانی و پیرۆزباییکردنی ئەو جێژنە نەتەوەییە، چەند پارچە شیعر و پەخشانێکی بەم بۆنەوە خوێندەوە. پاشان، بەڕێز "غەفوور شێرعەلیزادە بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە پارێزگای ئۆستفۆڵد وتارێکی پیشکەش کرد، بەرێزیان لە بەشێک لە وتارەکەیاندا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، باسی بارودۆخی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان‌ و پرشوبڵاویی هێزە کوردییەکانی کردو ئاواتی خواست کە لە دەرفەتی هەڵکەوتوو بۆ کورد، هێزەکانی کوردستانییەکان یەکیەتیی ریزەکانیان‌ بپارێزن‌ و بۆ یەکریزی‌و تەبایی هەرچی زیاتری نێو ماڵی کورد هەنگاو هەڵبگرن. بەدوای پێشکەشکردنی وتارەکەیاندا، بەڕێزیان چەپکە گوڵی رێزو پێزانینی پێشکەشی ئەندامنی بەڕێوەبەریی پێشووی کۆمەڵەی کولتووری، بەڕێزان "عوسمان مامەش، غەفوور واوەیی‌ و خەجیج قادر پوور" کرد. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بەو بۆنەوە، سەرۆکی کۆمۆنی "مۆس"یش چەپکە گوڵیکی رازاوەی پێشکەش بە رێورەسمەکە کرد. دواتر بەشی هونەریی رێورەسمەکە دەستی پێ کردو هونەرمەندانی لاوی کورد "ڕیباز خنکاڵی و کارۆخ محەممەد دەروێش" بە گۆرانی و کاک پێشڕەو بە مۆسیقا رێورەسمەکەیان هەرچی زیاتر رازاندەوە کە تا درەنگانێکی شەو درێژەی هەبوو.