کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی دانمارک،ی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی جێژنی نە ورۆز لە پارلمانی ئەو وڵاتە

13:12 - 7 خاکەلێوه 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٥ی مارسی ۲۰۱۷ی زایینی بە بۆنەی جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی رێوڕەسمێک لە لایەن فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتی دانمارک بە هاوکاری کچە پارلمانتاری کورد ئیڵدز ئاکدۆغان لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی پارلمانی دانمارک بە بەشداری ڕادەیەکی زۆر لە نوێنەران و ئەندامانی حیزب و لایەنەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان پێک هات. ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ۲ی پاشنیوەڕۆی ئەوڕۆژە بە پێشکەش کردنی مووزیک و گۆرانی لە لایەن دوو هونەرمەندی لاو شوڕش و سەرهاد، دەستی پێکرد و پاشان بەڕێز عەدنان ئاغاجان بەرپرسی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان وێڕای ئیشارە بە جێژنی نەورۆز و گڕینگی ئەو ڕۆژە لە مێژووی میللەتی کورددا بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە وتارێک بە زمانی دانمارکی لە لایەن هاوڕێ مە حموود چالاکی سیاسی باکوری کوردستان سەبارەت بە جێژنی نەورۆز خویندرایەوە. ئینجا ئیڵدز ئاکدۆغان کچە پارلمانتاری کورد و چالاکی سیاسی وێڕای بەخێرهاتن کردنی بەشداران وتار و لێکدانەوەیەکی لە سەر هەلومەرجی ئێستای دنیا بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی و مەترسی داعش و ڕۆڵ و ئیرادەی وڵاتان بە تایبەت دەوری ئەمریکا و دانمارکی لە بەرەنگار بوونەوەی تیڕۆر و هەروەها پێشێلکرانی مافی گەلی کورد بە تایبەت ژنانی کورد لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وپێویستی خەبات و یەکگرتوویی کوردان بۆ ئازادی و وەدەست هێنانی مافی ڕەوای خۆیان بە زمانی دانمارکی پێشکەش کرد. لە درێژە دا بە خواردن و خواردنەوە میوانداری لە بەشداران کرا و هونەرمەندان بەچەند گۆرانی و پارچە موزیکی دیکە جێژنەکەیان گەرمتر کرد. شایانی باسە لە سەر بانگهیشتی ڕەسمی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک پێکهاتوو لە بەڕێزان خالید ڕەواندووست بەرپرسی کومیتە و بێستون محەممەدزادە و چیا ئەمیری ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک بەشداری جێژنەکە بوون کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.