کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە شاری ستاڤانگێر،ی نۆروێژ

05:14 - 9 خاکەلێوه 2717

ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٥/٠٣/٢٠١٧ ، بە دەستپێشخەریی کومیتە ناوچەی "رۆگلاند"ی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە هاوکاریی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری سەدان کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کوردانی دانیشتووی ئەم دەڤەرە و چەندین میوانی نۆڕوێژی، لە شاری ستاڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ رێوڕەسمێکی بەشکۆی نەورۆزی بەڕێوە چوو. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەورۆزو چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو فەریبا رەشیدی ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی رۆگلاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە پێشکەشکەش کرا کە باسێک بوو لە سەر نەورۆزی جامانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی چالاکانی مەدەنی و پشتگیریی هێزە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە بەشێکی تر پەیامەکەدا ئاوڕێک لە بارودۆخی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان درایەوە. هەریەک لە پارتی سۆسیال چەپی نۆروێژ و پارتی کرێکارانی نۆروێژی کە هەموو کات دۆستی کورد بوون، بالاترین نوێنەری خۆیان لە پارێزگای رۆگلاند بۆ ئەو رێوڕەسمە ناردبوو و پەیامی خۆیان بەم بۆنەوە خوێندەوە. سەرەتا "یۆستاین هانسن" کە ئەندامی پەرلمانی نۆروێژە لەسەر لیستی گەورەترین حیزبی نۆروێژ واتە پارتی کرێکاران، پەیامی پارتەکەی پێشکەش کرد، ئەم ئەندام پەرلەمانەی نۆورێژ بە زمانی کوردی جەژنە پیرۆزەی لە بەشداربووان کرد. "هانسن" زۆر سوپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد کە بانگهێشتی ئەو رێوڕەسمەیان کردوون و رێگەی پێدراوە کە لەم جەژنەدا وتار پێشکەش بکات. ئەم پارلەمانتارە نۆروێژییە لە بەشێک لە پەیامەکەیدا وێڕای باسێکی کورت لەسەر خەباتی گەلی کورد دژی داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد باسی لەوە کرد کە ئەو وەک خۆی و حیزبەکەی هەموو کات پشتیوانی کوردان بوون و دەبن و گوتیشی: "هیوادارم گرتنی جێژنی نەتەوەیی وڵاتێکی سەربەخۆ بەدوای خۆدا بێنێ. ئەوجار "ئەریک زەکەریانسن" بەرپرسی حیزبی سۆسیال چەپ لە پارێزگای رۆگلاند، پەیامی حیزبەکەی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەم شەو من ئاڵای کوردستانم لەسەر سینگ و دڵم بۆ ئەوەی بڵێم کە کوردستان لەناو دڵی من دا جێگەی هەیە." ئەویش بە نوێنەرایەتی پارتی سۆسیال چەپی نۆروێژ، پشتیوانی خۆی لە خەباتی رەوای گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان دووبارە کردەوە. دواتر سرودی نەتەوایەتی ئەی "رەقیب"ی بە زمانی نۆروێژی خوێندەوە و بە بژی کوردستانی سەربەخۆ کۆتایی بە قسەکانی هێنا کە لەلایان ئامادەبووانەوە بەگەرمی پێشوازی لێ کرا. لە برگەیەکی تری بەرنامەکاندا، پێشکەشکاران کێبرکێی پرسیار و وڵامیان دانا و بەسەر بەشداربووانئ ئەم کێبڕکێیەدا خەڵات دابەش کرا. ئەو بەشدار بووە نۆروێژییانەی کە وڵەامی پرسیارەکانیان دەدایەوە کتێبێک لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی ئینگلیزی یان نۆروێژییان پێشکەش دەکرا. شایانی باسە ئەم رێوڕەسمە تا درەنگانی شەو بە گۆرانیی هەڵپەرکێ و سروود لە لایەن هونەرمەند "فەرهاد ئالانی" و هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان "زوبێر ساڵح"ەوە وێڕای شایی و هەڵپەڕکێ درێژەی کێشا.