کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەریوەچوونی کوریادی٧٠ هەمین ساڵروژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە شاری یۆتێبۆری سوید

05:52 - 14 خاکەلێوه 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوئید کوریاد و پێشانگایەکی وێنەی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی  لە ٧٠ هەمین ساڵروژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان  پێک هێنا . کات ژمێر ٢ی پاش نیوەرۆ دوو هاورێی بەریوەبەر کاک ئەمیر زەکی و کاک کەمال حەسەنپوور بە دیکلەمەی شێعر و راگەیاندنی ریزی بەرنامەکە دەست پێکی کوریادەکەیان راگەیاند. پاش سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاورێ کاک جەلال کۆخانی، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە یۆتێبۆری سوید، بە خێرهاتنی نوینەری هیزە سیاسیەکان و میوانانی هیژاو بنەمالەی سەربەرزی شەهیدانی کرد. هاوڕێ جەلال کۆخانی لە بەشێک لە پەیامەکەی دا گووتی: نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان ،بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ، ئەندامانی بەوەجی حیزب. ئیزنم بدەن ، بە نێوی کومیتەی حیزب لە شاری یۆتۆبۆری ، پر بە دڵ بەخێرهاتنی گشت لایەکتان بکەم، لە دەوری یەک کۆبووینەوە ، بۆ ئەوەی ، ڕێز لە شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردو کوردستان بگرین، ئیمرۆ ٧٠ ساڵ ، بە سەر لە سێدارەدرانی یەکەم سەرکۆماری کوردستان ، پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاورێیانی سەدر و سەیفی قازی دا تێدەپەرێ. بەشدارانی بەرێز حزوور و بەشداری ئێوە بەرێزان، لەم کۆریادە دا ، وەفا و ئەمەگە ،بۆ هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری کورد وکوردستان . بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هەرکام لە ئێوە بەڕێزان لە رەوتی دەیان ساڵەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان و بەربەرەکانیی قارەمانانەی گەلەکەمان دژی دوژمنی داگیرکەر، کەسێکتان و هێندێکی ترتان  چەند کەسێکی خۆشەویستتان بوونەتە شەهیدی رێگای رزگاری و سەربەستیی کوردستان . ئەرکی سەرشانی کەس و کاری شەهیدان هێندە گران و قورسە کە وەسف ناکرێ و هیچ زمانێک ناتوانێ باسی ،گڕووی منداڵەکان ، ئارەزووی دایکان و تاسەی باوکان و خەمی خوشک و برایانی ئەو شەهیدانە بەیان بکا، ئێوە بەڕیزان ، ئەوەندەی بۆتان لوواوە  توانیوتانە بۆشایی نەبوونی شەهیدە ئازیزەکانمان پڕکەنەوە و شانتان وەبەر قورسایی باری ئەم خەمانە داوە و تێکۆشاون رەوتی ئاسایی ژیان بۆ منداڵەکانی ئەم شەهیدانە دەستەبەر بکەن. ئیزنمان بدەن لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان، ئێمەش پەیمان و بەڵێن دەگەڵ ئێوە و شەهیدەکانمان نوێ بکەینەوە کە رێگای خەباتیان درێژە بدەین و تا کاروانی خەباتمان دەگەیەنینە هەواری سەرکەوتن بێ پرینگانەوە لە کەند و لەند و کۆسپ و لەمپەرەکان، رێبواری رێی خەباتی ئەم سەربەرزانە بین. با لەم رۆژەدا سەری رێز بۆ سەرجەم شەهیدان دانەوێنین و پێیان بڵێین ئەوە خوێنی گەشی ئێوە و ئارەقەی لەشی پێشمەرگەی قارەمانە  نەمامی ئازادیی کوردستان پاراو دەکا و زۆری نەماوە لە دوند و بەرزان بشەکێنینەوە ئاڵامان. ئاسۆی خەباتمان لە هەموو کاتێک روونتر و هیوامان لە هەمیشە پتەوتر و سەربەستیی  نەتەوەکەمان باشترین هەلی لەبەردەم دا رەخساوە. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە باوەشی گەرمی نەتەوە و نیشتماندا جێژنی سەربەستیی بگرین و لەسەر گڵکۆی شەهیدەکانمان  میداڵی شانازیی بە بەرۆکی ئێوە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دا هەڵاوەسین. دڵنیاین ئەم رۆژە دوور نیە. هاورێ جەماڵ فەتحیان سروودێکی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا بەشێک لە وتە بە نرخەکانی پێغەمبەری ئاشتی دوکتور قاسملوو سەبارەت بە رۆژی شەهیدان بەشێکی درێژە بە کۆڕیادە درا. پاشان هاورێ مستەفا فەتحیان سروودێکی پێشکەش کرد. لەبەشی دووهەمی کۆڕیادەکە دا نووسەر و وەرگێری بە توانای گەلەکەمان رێزدار عەلی فەتحی  باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر مێژوو ی بنەمالەی پێشەواقازی و نەخشو و رولی ناسیونالیزم لە دروست بوونی نەتەوە دا کرد. هاوڕێ عەلی فەتحی لە بەشێک لە قسەکانی دا وتی: هاوڕێ عەلی فەتحی لە سەرەتای وتەکانی دا وێڕای بە خێرهێنانی میوانەکان باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە دەورو کاریگەری مرۆڤە کاریزمان و نموونەکان لە کۆمەڵگەی بەشەری دا کرد و بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی یۆنانی کۆن و کلتووری گەورە و پڕ لە ئەزموونی ئەو شارەستانییەتە، هاتە سەر باس لە سەر دەورو کاریگەری شەخسی پێشەوا قازی و چ وەک بنەماڵە و ج وەک خۆی لە سەر کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان بە گشتی و ناوچەی موکریان بە تایبەتی. بەڕیز فەتحی پێشەوا قازی محەممەد وەک نموونەی مرۆڤێکی تێگەشتوو، خوێندەوار و خاوەن ئەزموون و لە هەمان کات دا خاوەن کەسایەتییەکی بەرزی کۆمەڵایەتی ناوبرد کە لەو سەردەمانە کە هەم ئێران و هەم کوردستان لەو پەڕی دواکەتوویی و نە خوێندەواری دابوون، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد شارەزایی بە سەر چەندین زمانی زیندووی دنیا دا هەبوو. هەر ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ڕووسەکان داوای چاوپێکەوتن و دیداری لێ بکەن و ببێتە جێی سەرنجی هەموو وڵاتانی زلهێز کە ئەو کاتە لەو هەوڵ دا بوون بۆ دۆزینەوەی جێ پێیەکی قاییم بۆ خۆیان لە ناوچەکە دا. ناوبراو پێی وابوو کە هێشتا گەلی کورد وەک پێویست دەرکی بە گەورەیی ڕێبەرانەێکی وەک قازی محەممەد نەکردووە، ئەگینا لە ساڵڕۆژی شەهید کرانی دا بەبوو کۆمەڵێکی زۆر لە بۆنە و کۆڕیادەکەی دا بەشدار بوونایە و شانازییان بکردایە بە ڕێبەرێک کە ئامادە بوو بۆ ڕزگاری گەل و وڵاتەکەی، بەو پەڕی سەخاتەوە بچێتە بەر پەت و سێدارەی دوژمن. بەڕێز عەلی فەتحی بە ئاوڕ دانەوەیەک لە مێژووی کۆمەڵەی ژێکاف و پاشانییش درووست بوونی حیزبی دیموکراتی کوردستان، باسی لە دەستکەوتە گرینگەکانی کۆماری کوردستان کرد و بۆ وێنە، ئاڵای کوردستانی هێنایە ناو باسەکەیەوە، کە چۆن چ ئەو سەردەمە و چ ئێستاش بووتە سیمبوول و ئاڵای لانی کەم ٦٠٪ کۆمەڵگەی کوردستان، ئاڵایەک کە بووەتە هۆی کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان. یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی کۆمار بڕیاری دامەزراندنی قوباتخانە بە زمانی زگماکی و تایبەت بە ژنان بوو، کە لەو سەردەمە دا تەنانەت هاتنە دەرەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵەکانیادا یاساخ بوو، بەڵام کۆمار و لە سەروی هەمووشیانەوە شەخسی پێشەوا توانی ئەو تابۆیە بشکێنێ و ژنان پۆل پۆل ڕوویان لە خوێندنگە کرد. گرینگترین دەستکەوتی کۆماری کوردستان کە تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ کەمتر باسی کراوە، بوژاندنەوە و گەشەی هەستی ناسیۆنالیستی بوو لە ناو خەڵکی کوردستان دا، بە جۆرێک کە لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە ڕوو لە سابڵاغ دەکەن و خۆیان بە بەشێک لەو حکومەتە کوردییە دەزانن کە لەوێ دامەزراوە، هاوکات لە لایەن دامەزرێنەر و بەڕیوەبەرانی کۆمار و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێ دەکرێ و جێگە وپێگەی شیاویان دەدرێتێ. بەڵام بە داخەوە نەوەکانی دوای کۆماری و پێشەوا زۆر کەم هەوڵیان دا ئەو ئامانجە گەورانەی کە لەو سەردەمە ئەنگووستە چاوە دا هاتنە دیی درێژەیان پێ بدرێ و گەشە بستێنن. هاوڕێ عەلی فەتحی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بە ئاماژە بەو تراژیدیا و کارەساتانەی کە بە سەر گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دا هاتوون وتی: بۆ من زۆر ڕووداو لە مێژووی گەلەکەمدا١٠ی خاکەلێوەیە، خنکانی منداڵانی کورد لە ئاوەکانی یونان دا، ئەو ڕۆژە بۆ من ١٠ خاکەلێوەیە کە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ئاوارە و پەڕیوەی شاخ و کێو دەبن و جاوەڕێن کە هیلێکۆپتەرێکی تورکی سمۆنێکیان بۆ فڕی داتە خوارەوە. بۆ من ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی یەکجێ بە بێ تاوان ١٠ی خاکەلێوەیە، ئەوانە هەموو قازین، هەموو چوونە بەر پەت و داری سێدارە. تەنیا ڕێگە چارە بۆ ئەوەی ١٠ خاکەلێوەکان دووبارە نەبنەوە یەکڕیزی، یەکگرتووی، پێک هێنانی و گەشەی زمان و کلتووری گەلەکەمانە، زمان و زاراوەیەک کە هەموو ڕۆلەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان تێی بگەن و پێکەوە گەورەتر و بەرین تری بکەن.   هونەرمەندی دەنگ خۆشی گەلەکەمان کاک ئەسعەد ڕەزازی هەست و ئەمەگی خۆی  بۆ شەهیدان و پێشەوا لە دووتوێی پارچە موسیقایەک و گۆرانیەکی شۆرشگێری دا پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادە دا رێزدار دوکتور ئەرشەد مەعرووف نوێنەری فیدراسیونی کومەڵە کوردی و کوردستانیەکان لە وڵاتی سوید، پەیامی فیدراسیۆن و دوو پارچە شێعری پێشکەش کرد. لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە دا لەوحی رێزلێنان و شاخە گولێکی سوور بە نیشانەی ئەمەگ و وەفا پێشکەش بە بنەمالەی سەربەرزی شەهیدان کرا. پێشانگای وێنەی شەهیدان و گەشتێک بە نێو کاروانی نەمرانی سوورخەلاتی  گەل دا دوایین بەشی کوریادەکە بوو.