کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەی خاکەلێوە، لە وڵاتانی ئامریکا و سویس و دانمارک

21:16 - 15 خاکەلێوه 2717

ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان کومیتەی واشنگتۆن ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە لەم دەڤەرە بەڕێوە برد. ئەو مەراسیمە بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پێشوازی گەرمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بەڕێوەچوو. دوای سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "ئەی شەهیدان" کورتە وتارێک وەک پێشەکی لە لایەن نەسرین خانم کەریمی پێشکەشی ئامادەبووان کرا کە تێی‌دا هاتبوو: پێشەوا قازی محەممەد بە مەرگی خۆی سەنەدی هەرمانیی کۆماری کوردستانی ئیمزا کرد و، سەرەتای پڕۆسەی بە دەوڵەت بوونی نەتەوەی کوردی خستە گەڕ. پاشان لە لایەن جەماڵ مەحموودزادە پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە خوێندرایەوە. تۆفیق سیلوانەیی کارگێڕی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کورستان لە ئەمریکا و کانادا پەیامی پارتی پێشکەش کرد. دواتر عەبدوڕەحمان حەسەن بەرپرسی کومیتەی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەمریکا پەیامی یەکیەتیی نیشتیمانی ئاراستەی بەشداربووان کرد. بەڕێز جەلیل ئازادیخواز ئەندامی ڕێبەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران  لە وتارێک‌دا لەژێر سەردێڕی "قازی و قازییەكان خانەخوێی مێژوون" باسی لە دوەری پێشەوا کرد وەک کارەکتێرێکی هەرمان لە مێژووی هاوچەرخ‌دا و گوتی:  لە چەمكێ لەم جیهانەدا، مێژوو بەبێ ناوی قازی محەممەد شرۆڤە ناكرێ. ئێستا قازی خانەخوێی مێژوویە و دوژمنانی پێشەوا وەک ڕێبواری نگریسی مێژوو یاد دەكرێن . پاشان پەیامی ئەم بزووتنەوەی گۆڕان پێشکەش کراو دواتر ناسر باباخانی نووسەر و ڕۆژنامەوان، بابەتێکی لەسەر شەهیدانی کۆماری کوردستان لە مانگی فیورییەی ١٩٤٧ تا ژوئەنی ١٩٤٧ پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ئەو کوتی: دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە تەواوی ئێعدامەکان بەرنامەڕێژیان بۆ کرابوو و بەر لە ئێعدامی پێشەوا و تەنانەت پاش ئێعدامی قازی محەممەد لە چوار قۆناغ‌دا شاهیدی ئێعدامین. هەروەها لە هەمان رۆژدا کۆمیتەی حدک لە وڵاتی دانمارک  یادی  رۆژی شەهیدانی کوردستانی بەرز ڕاگرت. ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی، کاتژمێر 11ی سەرلە بەیانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بە بۆنەی 10ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و 70 مین ساڵڕۆژی لە سێدارە درانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، ڕێوڕەسمێکی ڕێز لێنانی لە سەر گڵکۆی نەمر کاک نەبی قادری لە شاری کۆپێنهاک و بە بەشدار ئەندامانی حیزب و بنەمـاڵەی نەمر کاک نەبی قادری ئەندامی ڕێبەری حیزب پێک هێنا . سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌که‌ به ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ ڕێزگڕتن له گیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان ده‌ستی پێکرد، دواتر خالید ڕەواندووست بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. دوای دانانی  چەپکە گوڵی ڕێز و وەفاداریان لە سەر گڵکۆی نەمر شەهید نەبی قادری، کاک ناسر پیرانی ئەندامی لە مێژینەی حیزب چەند وتەیەکی لە سەر ڕۆژی شەهیدان پێشکەش بە ئامادە بووان کرد . دواتر لەوحەی ڕێز لێنان بە بنەماڵەی شەهیدانی حیزب نیشتەجێی لە دانمارک کرا. سەردانی گڵکۆی نەمران خووسرە مووزەفەری و شاعیر عەلی حەسەنیان ناسراو بە هاوار و دانانی چەپکە گوڵی وەفاداری دوا بڕگەی ئەو رێورەسمە بوو. شایانی باسە بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان  لە سەر بانگەوازی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس  بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و ئەندامی لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی کورد سەردانی گڵکۆی مەزارگەی هاوڕێ تەها عەتیقی و ئەمیر پاشاخانی یان کرد و رێورەسمێکی هاوشێوەیان بەڕیوە برد.