کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی دا لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمریکا، ڕێز لە شەهیدانی کۆماری کوردستان گیرا

21:21 - 16 خاکەلێوه 2717

ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان کومیتەی واشنگتۆن ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە لەم دەڤەرە بەڕێوە برد. ئەم مەراسیمە بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پێشوازی گەرمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بەڕێوەچوو. سەرەتای یادکردنەوەکە بە بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە بەڕێز خاتوو نەسرین کەریمی دەستی پێکرد. پاشان بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "ئەی شەهیدان" سەرجەم ئامادەبووان دەستی ڕێزیان بە سینگیانەوە نا بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری تەواوی شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەستی کوردستان بە تایبەتی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی. کورتە وتارێک وەک پێشەکی لە لایەن نەسرین خانم کەریمی پێشکەشی ئامادەبووان کرا کە تێی‌دا هاتبوو: پێشەوا قازی محەممەد بە مەرگی خۆی سەنەدی هەرمانیی کۆماری کوردستانی ئیمزا کرد و سەرەتای پڕۆسەی بە دەوڵەت بوونی نەتەوەی کوردی خستە گەڕ. پاشان لە لایەن بەڕێزکاک جەماڵ مەحموودزادە پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە خوێندرایەوە. بەڕێز کاک تۆفیق سیلوانەیی کارگێڕی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کورستان لە ئەمریکا و کانادا پەیامی پارتی پێشکەش کرد. دواتر بەڕێز کاک عەبدوڕەحمان حەسەن بەرپرسی کومیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەمریکا پەیامی یەکێتی نیشتیمانی ئاراستەی بەشداربووان کرد. بەڕێز کاک جەلیل ئازادیخواز ئەندامی ڕێبەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران لە وتارێک‌دا لەژێر سەردێڕی "قازی و قازییەكان خانەخوێی مێژوون" باسی لە دوەری پێشەوا کرد وەک کارەکتێرێکی هەرمان لە مێژووی هاوچەرخ‌دا و گوتی: لە چەمكێ لەم جیهانەدا، مێژوو بەبێ ناوی قازی محەممەد شرۆڤە ناكرێ. ئێستا قازی خانەخوێی مێژوویە و دوژمنانی پێشەوا وەک ڕێبواری نگریسی مێژوو یاد دەكرێن .ئازادیخواز وتی: هەر شانێ شانازی خەباتی بۆ ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەری هەڵنەگرتبێ فەزیلەتی ماناوەی لە مێژوودا نییە. پاشان بەڕێز کاک سالار سیوەیلی کە لایەن ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەمریکا، پەیامی ئەم بزووتنەوەیەی پێشکەش کرد. بەڕێز کاک ناسر باباخانی نووسەر و ڕۆژنامەوان، بابەتێکی لەسەر شەهیدانی کۆماری کوردستان لە مانگی فیورییەی ١٩٤٧ تا ژوئەنی ١٩٤٧ پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ئەو کوتی: دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە تەواوی ئێعدامەکان بەرنامەڕێژیان بۆ کرابوو و بەر لە ئێعدامی پێشەوا و تەنانەت پاش ئێعدامی قازی محەممەد لە چوار قۆناغ‌دا شاهیدی ئێعدامین. بەر لە ئێعدامی پێشەوا لە سەقز نیزیک بە دوازدە کەس لە ئاغاکانی ئەم ناوچەیە و پاش ئێعدامی جەنابی قازی لە شاری مەهاباد چوار ئەفسەری کۆماری کوردستان (شەهیدان حامید مازووچی، عەبدوڵڵا ڕۆشەنفکر، محەممد نازمی و ڕەسووڵ نەغەدە) و سەرئەنجام لە عێراق چوار ئەفسەرەکەی باشوور (شەهیدان عیززەت عەبدولعەزیر، مستەفا خۆشناو، محەممەد قودسی و خەیروڵڵا عەبدولکەریم) ئێعدام دەکرێن. کاک ناسر بە تەسەلی ئاماژەی بە هۆکاری هەر کام لەم ئێعدامانە لەم شوێنە جوگرافیایی‌یانە کرد و شرۆڤەی تایبەت بە هەر کامی باس کرد. ئەو کوتی ڕەنگە چەمکی هاوبەشی تەواوی ئەو کەسانەی لەم ماوە زەمەنییەدا ئێعدام کران چەمکێک بێ بە ناوی: "مەرگی خۆهەڵبژاردە"، و بەڵگە و سەنەد و وەسیەتی بەجێماوی ئەوان، سەلمێنەری ئەم چەمکەن. دواتر لە لایەن بەڕێز مامۆستا سەلیم شیعرێک بە زاراوەی کرمانجی خوێندرایەوە، پاشان لە دوا بڕگەی بەرنامەکەدا بەڕێز کاک جەعفەر فەقێ نەبی شیعرێکی خاڵە قازی (وەسیەتی پێشەوا) پێشکەشی ئامادەبووان کرد. شایانی باسە لە لایان کومیتەی حیزبەوە ساڵۆنی بەڕێوەچوونی ڕێ‌وڕەسمەکە بە وێنەی شەهیدانی سەردەمی کۆماری کوردستان و شەهیدانی سەردەمی هاوچەرخ ڕازێندرابۆوە.