کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ

16:34 - 21 خاکەلێوه 2717

رێورەسمی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان بە بەشداری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سترۆمێنی نۆروێژ لە چەند بڕگەیەکی جیاوزدا بەڕێوە چوو. بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەری پێشەوای مەزنی کوردان‌، پێشەوا قازی محەممەدو هاوڕێیانی و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان، دوانێوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٩ئ ئاوریلی ٢٠١٧ی زایینی رێورەسمی ١٠ی خاکەلێوە بە سروودی ئەی شەهیدان‌و چەند خوڵەکێک بێدەنگی بۆ روحی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد. دواتر خاتوو مەحبووبە رەحیمی بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی کومیتەی گشتی حیزب لە نۆروێژ لەوحی رێزلێنانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان خوێندەوە کە تێی‌دا باسی خەم‌و مەینەتی بنەماڵەی شەهیدەکان‌، منداڵ‌و کەس‌و کاریانی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرانەی کردبوو و بە رێزەوە باسی لێ کردبوون. لە بەشێکی‌تری کۆڕیادەکەدا بەرێوبەری رێورەسمەکە هاوڕێ سۆران شێرزاد پێشەکییەکی کورتی لە ژیان‌و تێکۆشانی رێبەری شەهید، پێشەوا قازی‌و بنەماڵەکەی پێشکەش کرد، کە تێیدا باسی قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی، کۆمەڵایەتی‌‌‌، نەمر عەلی قازی‌ باوکی پێشەوای نەمرو بنەماڵەی بەرێزیانی کردبوو. دواتر کاک رزگار ئەمین‌ نژاد چالاکی سیاسیی‌ و ئەندامی حیزب لە نۆروێژ باسێکی پڕ نیوەڕۆک ‌و تێرو تەسەلی لە سەر ١٠ی خاکەڵیوە و پێشەوا قازی‌ پێشکەش کرد. دوا بە دوای قسەکانی کاک رزگار ئەمین‌نژاد خاتوو کوێستان عومەرزادە و مامۆستا حوسێن حەسەن‌نیا دوو پەخشان،یان بەو بۆنەوە خوێندەو. بەشێکی دیکەی کۆڕیادی  ١٠ی خاکەلێوە، ٧٠هەمین ساڵەوەگەڕی لە سیدارەدانی پێشەوای مەزنی گەلی کورد قازی محەممەد و هاوڕێیانی، تەرخان کرا بۆ پێشكەش کردنی شاخە گوڵ‌و لەوحی رێزلێنان، کە لەو بەشەشەش دا کاک سەردار مەرەسەنە بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کومیتەی گشتی حیزب لە نۆروێژ، ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و شاخەیەک گوڵ و لەوحەی ڕێزلێنانی پیشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی بەشدار لە رێورەسمەکە کرد. بەشێکی‌ کۆتایی رێورەسمەکە پێشانگای وێنەی شەهیدان بوو کە بە زەحمەت ‌و ماندووییەکی زۆر لە لایەن د.حەمەدەمینەوە ئامادە کرابوو کە کومیتەی حیزب بە بۆنەی رێزگرتن لە ئەرک ‌و ماندوو بوونی بەرێزیان چەپکە گوڵێک لە لایەن کاک ئاسۆ محەمەدی بەرپرسی بەشی ماڵی کومیتەی گشتی حیزب لە نۆروێژ پێشکەشی بەرێزیان کرد هەروەها بە شاخە گوڵێک رێز لە کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب لە نۆروێژ گیرا کە بۆ ئەو رێورەسمە خۆبەخشانە ئەرکیان خستبووە سەرشان.