کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی نۆروێژ بە بۆنەی ١ی مای- ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

16:30 - 12 بانەمەڕ 2717

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی نۆروێژ بەشداری چالاکییەکانی پێوەندیدار بە رۆژی یەکی مای، رۆژی جیهانیی کرێکاران بوون. کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پاریزگای ئۆسفۆڵدی نۆروێژ لە سەر داوای ئاربەیدە پارتی بەشداری رێپێوان‌و رێوڕەسمی یەکی مای رۆژی جیهانی کرێکاران بوو. ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری فرێدریکستادی نۆروێژ بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان وێڕای بەشیکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە بەشداری رێپێوانی یەکی مای رۆژی جیهانی کرێکاران بوون. کومیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگای ئۆستفۆڵد پەیامی کومیتەی بەرێوبەری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژی بە بۆنەی ١ی مای، کە لە ئاستێکی بەرفراوان‌دا چاپ کرابوو لە نێو بەشداربووان‌و چالاکانی کرێکاریی‌ نۆروێژی‌دا بڵاو کردەوە. لەو پەیامەدا، باسی بارودۆخی کرێکارانی کورد بە گشتی و کۆڵبەرانی بەش مەینەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر سنوورەکانی باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان کرابوو کە رۆژانە بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان دەکەونە بەر کەمین‌و هێرشی هیزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی‌و سالانە دەیان کەسیان لێ شەهیدو بریندار دەکرێت کە ئەم کردارەی رێژیم نارەزایەتییەکی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی لێکەوتووەتەوە . لە بەرەبەری کۆتایی هاتنی رێوڕەسمەکەدا پەیامی کومیتە بەڕێوبەری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر کرێکاران‌و کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هاوڕێیان سۆران شێرزاد جێگری کومیتەی بەڕێوبەری گشتی‌و حەسەن غەمبار بەرپرسی کومیتەی ناوچەی حیزب لە ئۆستفۆڵدی نۆروێژ درا بە سەرۆکی "ئاربەیدە پارتی" گەورەترین حیزبی نۆروێژی "یوناس گاهر"، بەرپرسانی پارتی سوسیالیست چەپی نۆروێژی‌و پارتی سووری نۆروێژی. هەر لەو رۆژەدا کومیتە ناوچەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆگلاند چالاکییەکی هاوشێوەیان بەڕێوەبرد کۆمیتە ناوچەی رۆگەلاندی حزب دیمۆکراتی کوردستان‌و یەکێتی لاوانی دیمۆکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی حیزبی کۆمۆنیست (حیزب سوور)ی شاری ستاوانگێره‌وه بانگهێشتی مەراسیمی یەکی مای رۆژی جیهانی کرێکاران کرابوون کە وەک رەسمی ساڵانە بەڕێپێوان بەرەو ناوەندی شار وەڕێ کەوتن. ئەندامانی حیزب‌و لاوان بە شیوەی سیمبۆلیک چەند کەسیان بە شیوەی کۆڵبەر کە کۆڵیان بە پشتەوە بوو لە رێپێوان‌و ڕێورەسمەکەدا بەشدار بوون کە لە سەر کۆلەکەیان دروشمی پێوەندیدا بە کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان نووسرابوو، کە ئەم کارە سیمبوولیکە توانیان سەرنجی بەشداربووان‌و چالاکانی بواری کرێکاریی نۆروێژی بۆ لای خۆیان راکێشن بەشێکی‌تر لە بەشداربووان ئاڵای کوردستان‌و پلاکاردی تایبەت بەو رۆژەیان بەرز کردبووە کە دروشمی پێوەندیدار بە کرێکاران‌و کۆڵبەرانی کوردی لە سەر نووسرابوو، هەروەها یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو بۆنەوە پەیامێکی لە سەر دۆخی کۆڵبەران‌‌و کرێکارانی کورد ئامادە کردبوو کە پێشکەشی بەشداربووانیان کرد. جگە لەمە پەیامی کومیتەی بەڕێوبەری گشتی حیزب لە نۆروێژ کە بە بۆنەی رۆژی یەکی مای'ەوە نووسرابوو بە شێوەیەکی فراوان لە نێو جەماوەردا بڵاو کرایەوە . هەروەها کومیتە ناوچەی حیزب لە ئۆسڵۆو ئاکرشووشیش بەشداری رێپێوانەکانی یەکی مای بوون کە لە ئاستێکی زۆردا پەیامی کومیتەی بەرێوبەری گشتی حیزب لە نۆروێژیان بەو بۆنەوە بڵاو کردەوە. ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تۆرێنتهایمیش بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان بەشداری رێپێوانی یەکی مای بوون. شایانی باسە کە ئەم چالاکیانە لە سەر داوای بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی بەڕیوبەری گشتی حیزب لە نۆروێژ، بە هەماهەنگی لەگەڵ کومیتە ناوچەکانی حیزب‌و لاوان لەو وڵاتە رێکخرا بوون.