کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی خاتوونێکی دڵسۆز و پێشمەرگەپەروەر لە مەهاباد

17:50 - 19 بانەمەڕ 2717

لە مەهابادەوە هەواڵمان پێ گەیشتوە کە حاجی زێنەب بازیار، هاوسەری حاج محەممەد عەتایی و خوشکی گەورەی سەعید بازیار و تێکۆشەری دێرینی دیموکرات کاک سمایل بازیار، شەوی ١٨ی بانەمەڕ کۆچی دوایی کردوە. حاجی زێنەب، جگە لەوەی خوشکی شەهید کەریم بازیار و پووری محەممەد فاروق یەکێک لە ٥٩ لاوی ئێعدام کراوی مەهاباد بوو، خوشکی گەورەی کاک سمایل بازیار بوو و ئەم تێکۆشەرەی دیموکراتی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە باوەشی خۆی دا پەروەردە کردبوو. لە ماوەی سالانی پێشمەرگایەتیی ئەو تێکۆشەرە دا، بۆ دیتنی پێشمەرگەکان سەردانی زۆر شاخ و ناوچەی کوردستانی کرد. حاجی زێنەب ژنێکی خیرخواز و مرۆڤدۆست بوو. وەک هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشی بە دڵسۆزی بۆ پێشمەرگە و حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانەی کوردستان ناوی دەرکردبوو. شایانی باسە پێش‌نیوەڕۆی رۆژی ١٩ی بانەمەڕ ڕێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی خاتوو زێنەب بازیار، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادروپێشمەرگەکان و هاوسەنگەرانی هاوڕێ سمایل بازیار بەڕێوەچوو. لەو ڕێورەسمە‌دا سەرەتا بە نوێنەرایەتی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک و هاوسەنگەری لە مێژینەی سمایل بەزیار کە لە نزیکەوە ناسیاری هەبوو لەو خاتوونە خەمخۆر و دڵسۆزە، چەند وتەیەکی لە ئاستی گەورەیی ومێهرەبانی و پێشمەرگەدۆستی خاتوو زێنەب پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، هەروەها لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرجەم کادر وپێشمەرەگەکانی ئەو حیزبەوە، سەرەخۆشی کرد لە ماڵباتی بازیار و سەرجەم کەسوکاری خاتوو زێنەبی کوچکردوو. دواتر سمایل بازیار برای خاتوو زێنەب وێڕای سپاس و بەخێرهاتن کردن لە میوانان و ئامادەبووانی ئەو ڕێورەسمە ،بە کورتی باسی لە ئەرک وماندووبوونی خۆشکی گەورەی خۆی کرد ،لە قوناخە جیاجیاکانی ژیان، بەتایبەتی سەردەمی سەختی خەباتی چەکداری و، لەو بارەوە پێگەی ناوبراوی تا ئاستی دایک بەرزنرخاند. کۆمیسۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی زێنەب بازیار، سەرەخۆشی لە هاوڕێی بەڕێز کاک سمایل بازیار و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بازیار و دۆستان و ناسیاوانی ئەم بنەماڵەیە دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.