کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەیارانی ڕژیمی ئیسلامی، بە کۆبوونەوەیان لە بەردەم بنکەی دەنگدان لە شاری یۆتێبۆری سوید، نارەزایەتی خۆیان دژ بە ڕژیم نیشان دا

08:50 - 30 بانەمەڕ 2717

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی مەی ٢٠١٧ی زایینی، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە زۆربەی شارە گەورەکانی جیهان، بە ڕووی دەنگدەرانی تاراوگە نشین دا کرایەوە. لە سەر بانگەوازی ٦ حیزب و ڕیکخراوی کوردستانی کە پێکڕا لە بەیاننامەیەکی هاوبەش دا هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردبوو، کۆمەڵێکی بەرچاو لە دژبەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کوردانی خاوەن هەڵوێست، لە شاری یۆتێبۆری وڵاتی سوید لە بەردەم بنکەی دەنگدانی ڕژیم لەو شارە کۆبوونەوە و نارەزایەتی توند خۆیان دژ بەو ڕژیمە کۆنە پەرست و دژی ئازادییە و شانۆگەری هەڵبژاردنەکان دەربڕی. هەرچەندە شەقام و کۆڵانەکانی نزیک ئەو بنکەی دەنگدانە بە دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هیزەکانی پاراستنی وڵاتی سوید تەنرا بوو، بەڵام ئازادیخوازانی نەیاری ڕژیمی ئیسلامی ئێران خۆیان گەیاندە بەردەم بنکەی دەنگدان و بە دانی درووشمی جۆراوجۆر نارەزایەتی توندی خۆیان دژ بە تەواوییەتی دەسەڵاتی ئیسلامی زاڵ بە سەر ئێراندا دەربڕی. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، وێنەی ئێعدام کراوان و بەندییە سیاسییەکان و دەیان درووشمی جۆراوجۆر کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و سویدی نووسرابوون، دسەڵاتی رەش و دژی ئینسانی ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم و ڕیسوا کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری یۆتێبۆری، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئاڕم و هێمای حیزبەکەمان چالاکانە بەشداری ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە بوون.