کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی تەشکیلاتی بە بەشداریی رێزدار مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حدک لە وڵاتی سوئێد

16:17 - 6 خەرمانان 2717

رۆژی شەممە ٢٦ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، سمینارێکی تەشکیلاتی بە بەشداری سکرتێری گشتیی حیزب رێزدار مستەفا مەولوودی بۆ ئەندامانی تەشکیلاتی حیزب لە شاری وێسترئۆسی وڵاتی سوید پێکهێنا. سمینارەکە سەرەتا بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری بەرنامەکە، خاتوو کوێستان بابایی، وێڕای بە خێرهێنانی بەشداران، خشتەی کاری سمینارەکەی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا ، کەمال گروێسی بەرپرسی کومیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی کومیتە و دۆخی تەشكیلاتی حیزب لەو وڵاتە و ئەرک و داواکاریی و چاوەڕوانییەکانی ئەندامانی حیزب لە ڕێبەری و سکرتێری نوێی حیزبەکەمان پێشکەش کرد. پاشان مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان باسێکی پڕ ناوەرۆکی لە سەر دۆخی سیاسی جیهان، ئاڵوگۆڕە بە پەلەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پێشهات و ئەگەرە سیاسی و گۆڕانکارییە چاوەڕوان نەکراوەکانی لە ئێران و کوردستان پێشکەش کرد. مستەفا مەولوودی لە قسەکانی بە تێر و تەسەلی باسی پرسەکانی پێوەندیدار بە حیزب و ئەندامان و کاروباری ئێستای حیزب و ئەرکی ئەندامان و هەلومەرجی هەنووکەیی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرک و مافەکانی ئەندامانی حیزب لە تاراوگەی کرد. بەڕیز مەولوودی لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی پێویستیی لێکگرێدانی خەبات و شاخ و شاری کرد و بە بایەخەوە باسی کارە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی وڵاتی کرد و پێیوابوو کە ئەو هەنگاوانە هەرچەند بچووک بن، دەبێ پشتگیرییان بکرێ و حیزبی ئێمە پێشەنگی پشتگیریی لەم جۆرە کارانە بووە و دەمێنێتەوە. سەبارەت بەرپرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بەڕێزیان گوتی: پرسی تێکەڵبوونەوەی دوو لایەنی دێموکرات ئەمرێکی زەروری وپێویست و گرینگە، داواکاری بەشی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە ناوخۆ، ئەوە جگە لەوەی کە بە یەکگرتنەوە دوو حیزبی دیموکرات و حیزب و لایەنە سیاسییە لێک دابراوەکانی دیکەی گۆڕەپانی خەبات، خەڵک دڵگرمتر و خەبات بە تین‌تر دەبێ. حیزبی بە درێژایی ساڵانی لەتبوونی حیزب، هەوڵی داوە کە دەروازەی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ هاوڕێیانی پێشووماندا بە کراوەیی بێڵێتەوە و لەو پێناوەش دا هەوڵی زۆری داوە. سەبارەت بە کاروباری پێشمەرگە و خەباتی بەرگریی ئاماژەیان بەوە کرد کە حیزبی دێموکرات پەرە بە راهێنانی پێشمەرگە دەدا و خۆی بۆ هەر ئەگەرێک لە داهاتووی ئێران و کوردستاندا ئامادە دەکا. لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا گوتی: نەمان و لادانی ئەم رژێمە لە سەر دەسەڵات باشترین بژاردەیە و بە نەمانی کۆماری ئیسلامی ناوچەکە بەرەو هێمنایەتی و سەقامگیری هەنگاو دەنێ. بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەکەی ناوچەی باڵەکایەتی و گوندەژۆر، کە تێیدا چەند کەس بوونە قوربانی و بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، جێگیر لەو ناوچەیە لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە سووتێندران، بەداخبوونی خۆی لەو رووداوە دەربڕی و هیوای خواست دۆخەکە هێوڕ ببێتەوە و مانەوەی بنکەکانی حیزب لەو ناوچەیە هەروەک جاران مسۆگەر بێ. سەبارەت بە پرسی رێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەڕێزیان بە ئاماژە بە سیاسەت و ستراتیژی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ مافە ڕەواکانی کورد و خەباتی ئەو حیزبە بە درێژایی ٧٢ ساڵ بۆ بە دەستهێنانی ئەو مافانە، پێی لە سەر ئەوە داگرتەوە کە حیزبی ئێمە پشتیوانی لەو کارە دەکا و پێی باشە خەڵکی باشووری کوردستان بۆخۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ئەمەش رێگایەکی تەواو دێموکراتێکە و مافی خۆیانە. دواین بەشی سمینارەکە پرسیار و تێبینییەکانی بەشداران بوو کە بەرێز مەولوودی بە وردیی و حەوسەلەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.