کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری سکرتێری گشتیی حدک لە گەڵ '' فرێدریک مالم'' ئەندام پارڵمانی سوید لە سەر لیستی حیزبی لیبراڵ لە پارلمانی

03:49 - 8 خەرمانان 2717

پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی بەڕیز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان مستەفا مەولوودی و بەڕێز فرێدریک مالم ئەندامی پارلمانی سوئێد لە حیزبی لیبراڵ لە ژووری کارەکەی لە پارلمان کۆبوونەوە. لە دەستپێکی دیدارەکە دا مستەفا مەولوودی بە وردی  سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ فرێدریک مالم باس‌کرد. هەروەها سیاسەتی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە خەڵک و نەتەوەکانی ئێران و شێوازی هەڵسوکەوتی نابەرپرسانە و چەوسێنەرانەی رژێمی بە باشی بۆ شی کردەوە. هەروەها سیاسەتی داگیرکاریی و دەستوەردانی رژێمی ئیسلامیی ئێرانی لە وڵاتانی ناوچە و بەکارهێنانی ناتەباییە مەزەبییەکانی ناوچە بۆ نانەوەی ئاگری دووبەرەکی و شەری نەخوازراوی مەزهەبی بە مەبەستی پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی خۆی بۆ باسکرد. دواتر فرێدریک مالم وێڕای تەئیدی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لەمەڕ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەداخبوونی خۆی لە پەرەئەستاندنی پێوەندیی بازرگانی ئێران و سوئێد دەربڕی و رایگەیاند: پێم سەیرە بۆ لە جیاتی وڵاتی هیندوستان و برازیل... کە هەرکامەیان ئابوورییەکی باشیان هەیە و بازاڕێکی گەورەی ئابووریی جیهانیین، سوئێد رووی لە ئێران کردووە کە قەبارەی دانوستانی بازرگانی نێوان ئێران و سوئێد کەمتر لە ئابووریی نێوان سوئێد و وڵاتی'' ئیسلەند'' ە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فرێدریک مالم رایگەیاند هێزە تیروریستییەکانی سوننی لە ناوچە تاکتیکی کورت خایەن و رووکەش بەکاردێنن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانی درێژخایەن و تۆکمەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە هەیە. لە کۆتاییدا هەردوو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە وەلانان و گۆڕینی کۆماری ئیسلامیی ئێران باشترین رێگا چارەیە بۆ گەیشتن بە هێمنایەتی و سەقامگرتوویی ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە شەڕ و کردەوە تیرۆریستییەکان . هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو دیدارەدا کە هاوڕێیەتی بەڕێز سکرتێری گشتییان دەکرد بریتی بوون لە : کەماڵ گروێسی، حەمەرەسوڵ کەریمی، ئارێز رەمەزانی