کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتی ح د ک لە وڵاتی نۆروێژ

04:02 - 13 خەرمانان 2717

رۆژی ٢ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ سمینارێکی تەشکیلاتی بە بەشداری بەرچاوی ئەندامانی حیزب بۆ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. لەو سمینارە دا کە هاوڕێ حەمەرەسول کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات تێیدا ئامادە بوو، لە لایەن سۆران شێرزاد ئەندامی کومیتەی گشتی وڵاتی نۆروێژ و بەرپرسی تەشکیلاتی کومیتەی نۆروێژ وێڕای بەخێرهاتن کردنی کاک مستەفا و هاوڕێیانی سمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.. پاشان لە لایەن سەردار مەرەسەنە بەرپرسی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ کورتەیەک سەبارەت بە پێک هێنانی سمینارەکە دوا و پاشان داوای لە بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب کرد کە باسەکەی پێشکەش بکا. بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتیری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای قسەکانی دا سپاس و پێزانینی خۆی و دەفتەری سیاسی پێشکەش بە کومیتەی نۆروێژ و ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە کرد و گوتی " پێش ئەوەی دەست بە قسەکانم بکەم، پێم خۆشە سپاسێکی دیکە بکەم لە کومیتەی نۆروێژ. سەبارەت بەو هاریکاری و یارمەتییانەی کە ئەو کومیتەیە، بە پشتگیری ئەندامانی دڵسۆزی حیزب، بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو پێشکەشێان کردووە بە حیزب، ئەوە جگە ئەرکی حیزبی و بەجێ گەیاندنی ئەرک و کاری جۆراوجۆر جیا لە وەزایفی حیزبی و تەشکیلاتی، ئێمە ئەرک و ماندوو بوونی هاوڕێیانمان لە کومیتەی نۆروێژ بەر دەنرخێنین. بەڕێزمەولوودی لە درێژەی باسەکەی دا گوتی "ئێمە لە ئێران لەگەڵ حکومەتێک تەڕەفین کە نادیموکرات و دیکتاتۆر و دژی خەڵکە، بۆیە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی ٣٨ ساڵ تەمەنی ئەو ڕیژیمە لە خەبات و تێکۆسانی ئاشكرا و توند و تیژ دا بووە بۆ بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان، ئەوە هەڵوێستی حیزبی ئێمە بووە و ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە کار و تێکۆشان دەکەین. چون ئەو حکومەتە پێشێل کەری دیموکراسیە و بڕوای بە ماڤی کەمەنەتەوەیەکان نیە و ئەو نەتەوانەی کە لە ئێران دەژین و هیچ نەقش و دەسەڵاتیان لە حکومەت دا نیە و ماڤیان پێشێل کراوە، هەر بۆیە دەبێ هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینی ئەو نیزامەبەڕێز سکرتێری گشتی حیزب لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی بە کێشەکانی کۆمەڵگای ئێران کرد و گوتی بێکاری، برسێتی و ناڕوونی چارەنووسی خەڵکی ئێران وای کردووە کە ئێران کۆمەڵگایەی لاوازی هەبێ و ئەو نیزام ڕژیمە شایانی خەڵک و نەتەوەکانی ئێران نیە و دەبێ هەوڵ بدەن بۆگۆڕینی. پاشان بەڕێزیان ئێشارەی بە وەکرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵە دا بە دروشـم و بەکردوە هەوڵی بۆ دێموکراسی و دابینکردنی ماڤی نەتەوەیی و سیاسی وکۆمەڵایەتی لە کوردستان دا دەدا و هەر ئەوەش وای کردوە کە خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی لە کوردستان جێگیرترکردووە ، سەرەرای ئەوە کە رژیم هەوڵێکی زۆری داوە خەباتی گەلی کورد لە کوردستان سەرکوت بکا بەڵام بە خۆشیەوە سەرکەوتوو نەبووە، چون هەم داوای خەڵک داوایەکی حەقە وهەم هەوڵی خەڵک بۆ وەدەست هێنانی ئەو داوایە جیددیە و هەم هێزە سیاسیەکان و بەتایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو حیزبە جیدییانەیە کە بۆبەرەو پێش بردنی داوا و مافەکانی خەڵک شێلگیرانە لە مەیدان دایە. بەڕیز مستەفا مەولوودی لە درێژەی باسەکەی دا ئیشارەی بە دەستوەردانەکانی ڕژیم لە ناوچە و خۆ هەرقورتاندنی لە ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی دیکە کرد و وتی: دەستتێوەردان و ئاڵۆزکردن و نائەمن کردنی ناوچەکە لە لایەن ئێرانەوە نە تەنیا یارمەتی بە دۆخەکە نەداوە بەڵکوو زۆر کێشەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئوروپا و ئەمریکای ساز کردووە کە بەو هۆیانە کەوتۆتە ژێر تەوژمی قەیران و خەڵکی ئێران بە تایبەتی زەرەرمەندی یەکەم بوون. بەڕێز مەولوودی لە درێژەی باسەکەی دا باسی لە حیزبی کرد و گوتی: کار و تێکۆشانی حیزب لە ٣ نوقتەدا خۆی دەبینێتەوە یەکەم ناوخۆی وڵاتە ودووهەم ناوەندی حیزب و سێهەم تاراوگەیە کە هەر سێکیان تەواو کەری یەکترن و هەر کەسە و لە شوێنی خۆی و بە پێی ئیمکان و زەروورەت کارەکان رادەپەڕینێ و لە هەمان کات دا هاوکار و تەواوکەری یەکترن بۆ راپەراندنی ئەرکی حیزبیان. پاشان پێداگری لە سەر پێکەوەکارکردن وئاڵ و گۆڕکردنی بیر و ڕا و تەنانەت بۆ پێک هێنانی بەرەیەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەل رێکخراو حیزبەکانی دیکە تەئکیدی کردەوە کە زەرورەتێکی مێژووییە و دەبێ ململانی کەسایەتیەکان وەلابنێین و بەرژەوەندی گەلەکەمان لەبەر چاو بگرین. پاشان هیوای خواست کە پرۆسەی وەسەریەک کەوتنەوە بنەماڵەی گەورەی دیموکرات بە ئامانج بگا و هەوڵێکی جیددی بدرێ کە گەلەکەمان لەرۆژهەڵات لە نائومێدی بێنینەدەر. شایانی باسە کە بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب لە کۆتایی دا باسێکی تەشکیلاتی و نێوخۆیی بۆ ئەندامانی حیزب کرد و هەر لەم بەشەدا، بەرێز حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە پرسە تەشکیلاتی‌یەکان و شێوەی کار و چالاکی و هەروەها گرینگی ئەم بەشە لە ریزەکانی حدک بە گشتی و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەرێز کەریمی بە گشتی باسی لە پرنسیپەکانی کاری و ئەرک و مافی ئەندام و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بە قازانجی بەرەو پێشچوونی کاری حیزب و هەروەها چۆنیەتی درووست کردنی پەیوەندی نێوان کورد بە گشتی لە تاراوگە لەگەڵ ناوەندە بریاردەرەکانی وڵاتانی دەرەوە و کاری دیپلۆماسی و هەندێک پرسی دیکەی تەشکیلاتی لەم سمینارەدا بە وردی باس کرد پاشان سمینارەکە بە پرسیار و پێشنیاری هاوڕێیانی حیزبی و وڵامدانەوە بەڕیزان سکرتێری گشتی حدک کاک مستەفا مەولوودی و حەمەرەسووڵ کەریمی کاتژمێر ٧ی ئێوارێ کۆتایی پێهات. پیویست بە ئاماژەیە کە لە کۆتایی سمینارەکە دا لە لایەن سەردار مەرەسەنە وەک نوێنەری کومیتەی وڵات سپاسی بەشداربوانی کرد و ماندوو نەبوونی لە کاک مستەفا و هاوڕێیانی کرد و چەپکە گوڵی رێزلێنان درا بە کاک مستەفا مەولوودی و کاک خالید وەنەوشە و کاک حەمە رەسول کەریمی .